ئێران، بۆردومانی ژنان ومنداڵانی ئاوارەی یەمەنی شەرمەزار کرد
وتەبێژی وەزارەت دەرەوەی ئێران، تاوانی نوێی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی لە کردنە ئامانجی ژنان و منداڵانی ئاوارەی یەمەنی لە شاری ئەلدورەیهیمی سەربە پاڕێزگای "حودەیدە"ی یەمەنی شەرمەزار کرد.
فڕۆکە جەنگییە دەسدرێژکارەکانی سەعوودیا، سەرلەئێوارەی رۆژی پێنج شەممە دوو ئۆتۆمبیلی ئاوارە یەمەنییەکان لەناوچەی "ئەلکوعی" لە ئەلدورەیهیمی ، باشووری پارێزگای حودەیدە(رۆژاوای یەمەن) یان کردە ئامانج کە بەهۆیەوە سی ویەک منداڵ و ژنی یەمەنی گیانیان لەدەست دا.
بەهرام قاسمی وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی لەگەڵ بەجێماوانی قوربانیانی ئەو تاوانە جەنگییە، وتی: هێشتا کاتێکی زۆر بەسەر تاوانی سەعوودییەکان لە بۆردومانی پاسی هەڵگری منداڵانی یەمەنی لە شاری زەحیان ی پارێزگای سەعدە کە کوژران و برینداربوونی زیاتر لە١٣٠منداڵی یەمەنیی لێکەوتەوە، تێ ناپەڕێ کە جیهان شایەتی تاوانێکی نوێ لەدژ خەڵکی ستەملێکراوی یەمەنن.
قاسمی بەئاماژە بە درێژەی کوشت وبڕی کەسانی سیڤیلی یەمەنی لەلایەن هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و مافی مرۆڤ کرد، بە لەبەرچاوگرتنی تاوانی مرۆیی و تراژدیای دڵتەزێن و شوێنهاتی وێرانکەری لەسەر ئاشتەوایی وئاسایشی ناوچەکەو جیهان، بەهەر لەونێ بووە پێش بگرن بە درێژەی ئەو تاوانکارییانە لەیەمەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە وڵاتانی دابینکەری چەکئامێری هێزە دەسدرێژکارەکان بۆسەر یەمەن، لە تاوانی لەخاک و خوێن دا گەوزاندنی ژنان و منداڵانی یەمەنی هاوبەشن، وتی: دابینکەرانی چەکەمەنیی دەسدرێژکاران بۆسەر یەمەن، دەبێ وەڵامدەری سیاسەت و ئەنجامی کردەکانیان بن.