پەرە سەندنی ھاوکارییەکانی ئێران و دراوسێکانی لە ئاراستەی تەفروتونا کردنی تیرۆریزم دا
لە یەکەم کۆبوونەوەی چوارلایەنەی جێگرانی سەرۆکانی ئەرکانی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران و عێراق و ڕووسیاو سووریا لە بەغدا، پێ لە سەر تەفروتونا کردنی تیرۆریزم داگیرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، سەرداری سەرتیپی پاسدار«قەدیر نیزامی» جێگری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی کە بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی عێراقی کردووە، ڕۆژی یەکشەممە لە بارەی ئامانج و بەرنامەکانی ئەم کۆبوونەوەیە وتی: لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، وێڕای لێکدرانەوەی دوایین ڕەوشتی خەباتی دژی تیرۆریزم و داعش لە عێراق و سووریا، کردەوەی لێژنەی چوار لایەنەی ڕێکخستنی نێوان ھێزە چەکدارەکانی ھەر چوار وڵاتەکە بەوردی تاوتوێ کرا.
سەرداری سەرتیپی پاسدار«قەدیر نیزامی» جێگری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران وتیشی: لە کۆبوونەوەکەی بەغدا ڕێگاکانی بەردەوام کردنی چالاکیی ناوەندی ڕێکخستنی چوارلایەنە بۆ خڕکردنەوەو یەکانگیر کردنی توانایی و بارستاییەکان ھەتا لەنێوچوونی یەکجاریی تیرۆریزم و داعش لە عێراق و سووریا پێداگریی لە سەر کرا.
جێگری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕاشکاوی وتیشی: ناوەندی ڕێکخستنی چوارلایەنە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بە یەکانگیر کردنی مسۆگەرات و بارستایی ھەواڵگری، ئاسایشتیی ھەر چوار وڵاتەکە، ڕۆڵێکی کارای لە خەباتی دژی تیرۆریزمی تەکفیری لە سووریاو عێراق دا ھەبووە.
سەرداری سەرتیپی پاسدار«قەدیر نیزامی» جێگری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی ، سەرلەشکر «شەلیم خەلیل حەربا» جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپای سووریا، سەرلەشکر «عەبدولئەمیر یارەڵڵا»جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و ژنراڵ « ئێمیتراگۆف سێرگێئی» جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپای ڕووسیا ڕۆژی شەممە لە بەغدا دوایین ڕێکارەکانی خەباتی دژی تیرۆریزم و بەتایبەت لە سووریایان لێک دایەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیا، سووریاو عێراق لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ھاوپەیمانییەکی چوار لایەنەیان بۆ خەباتی دژی تیرۆریزم پێکھێناوە و ھەتا ئێستا کۆبوونەوەی دەورەیی ھەرچوار وڵاتەکە بە شێوەی بەردەوام درێژەی ھەبووە.