پێداگریی زەریف لەسەر جێبەجێ کرانی گەڵاڵەی چوار بڕگەیی ئێران بۆ چارەسەریی قەیرانی یەمەن
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێ کرانی گەڵاڵەی چوار بڕگەیی تاران بۆ چارەسەریی قەیرانی یەمەن .
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رادیۆ تەلەفزیۆنی ئێران ، موحەمەد جەواد زەریف رۆژی هەینی بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە پەیامەکەی خۆی لە دەی نیسانی 2015 کە تیایدا خوازیاری وەستانی شەڕ لە یەمەن ببوو ، لەسەر لاپەڕەی خۆی لە توویتەر نوسی : ئەمڕۆ دوای ڕەنج و ئازاری مرۆیی و تاوانی جەنگیی بێ سنوری هاوپەیمانیی سعودی ویاریدەرە ئەمریکیەکانی و هەوڵدان بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی ئەوان بە هێنانە ئارای بانگەشەی گاڵتەجاڕانە لە دژی ئێران ، گەڵاڵەی چوار بڕگەیی ئێران تاکە بژارەی گونجاوە بۆ کێشەی یەمەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە نیسانی 2015 و ماوەیەکی کەم دوای دەسپێکی پەلامارەکانی هاوپەیمانیی بە سەرکردایەتیی سعودی دژی یەمەن ، لە نامەیەکدا بۆ بان کی موون سکرتێری گشتیی ئەو کاتی رێکخراوی نەتەوەکان بە ئاماژە بە دۆخی نالەباری یەمەن جەختی کردەوە : کۆتایی شەڕ و ئاگربەسی خێرا ، ناردنی هاوکاریی مرۆیی ، دەسپێبوونی وتووێژی سیاسیی نێوان هەموو لایەنە یەمەنیەکان و پێکهاتنی حکومەتی بنکە فراوان ، فەکتەرە سەرەکیەکانی گەیشتن بە ئاشتیی پاوەجێ لە یەمەنە .
عەرەبستان بە داکۆکی ئەمریکا ، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لە مارچی ٢٠١٥ەوە پەلاماری یەمەنی داوە و پاشان ئەم وڵاتە هەژارە عەرەبیەی داوەتە بەر گەمارۆی ئاسمانی، دەریایی و زەمینی خۆی . شەڕخوازیی عەرەبستان لە یەمەن بوو بە هۆی کوژرانی پتر لە ١٤ هەزار یەمەنی، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی ملوێنان کەسی دیکە.