کانونی یه‌که‌م 07, 2018 13:40 Asia/Tehran
  • تیرۆریزم و دووپات بوونەوەی سناریۆی شکست هێناوی پشتیوانانی تیرۆریزم

ڕۆژاوا و ژمارێک لە وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچە بۆ زەبر دان لە ئێران هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە دەستیان کردە داکۆکی کردن لە تیرۆریستان .

داکۆکیکارانی تیرۆریستان لەو سناریۆیەدا هەموو تیرۆریستانیان خستە ژێر باڵی پشتیوانی خۆیانەوە؛ هەر لە گرووپی ترۆریستیی مونافقینەوە تا کۆمەڵە و داعش. چەن مانگ لەمەوبەریش داکۆکییان لە تیرۆریستانی ناسراو بە گرووپی ئەلئەحوازییە دەرکەوت و ئێستایش ڕووداوە تیرۆریستییەکەی چابەهار چۆتە نێو ئەو پێڕستەوە.

تیرۆریستێک ڕۆژی پێنجشەممە هێرشی کردە سەر بنکەی هێزی ئینتیزامیی شاری چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و ئۆتۆمبیلێکی پڕ لە تەقەمەنی لە بەر دەرکی ئەو ناوەندە تەقاندەوە. لەو پە لامارەدا دوو کەس شەهید بوون و ٤٠ کەس لە شاروومەندانیش بریندار بوون لەون چەندین ژن و منداڵ. لەو هەڵمەتەدا تیرۆریستی پەلاماردەریش کوژرا.

ئەو پەلامارە تیرۆریستییە دیسان ئەوەی سەلماند کە دوژمنانی گەلی ئێران لە دووی ئاڵۆز کردنی ئێران و تێکدانی هێوری و پاوەجێی ئەم وڵاتەدان.

هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دوژمنان چاوی دیتنی سەربەرزی و دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیانن نییە؛ لەبەر ئەوەی کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی پتەو و خۆراگر بەرامبەر بەوانە راوەستاوە و زەبرێکی گورچکبڕی لە تیرۆریستان و پشتیوانانیان داوە.

بە وتەی سەردار "ڕەمەزان شەریف'' وتەبێژی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، زۆربەی هەرە زۆری گرووپە تیرۆریستییەکان لەگەڵ دەزگەی ئەمنی و هەواڵگرییە بیانییەکان لەوان عەرەبستان لە پێوەندیدان و بەردەوام هەوڵیان داوە لە ناوچە سەرسنوورییەکانی ئێراندا ئاڵۆزی و بشێوی بنێنەوە.

تەواو ڕوون و ئاشکرایە کە سێگۆشەی گەندەڵی و جەنایەت واتە  ئەمریکا، عەرەبستان و ئیسراییل   لە پشتی پەردەی ئەو کردەوە تیرۆریستییانەدان لەوان ڕووداوەکەی دوێنێی چابەهار.

داکۆکی و پشتیوانیی بەربڵاوی ژمارێک وڵاتی دواکەوتوو و کۆنەپەرستی قەراخ کەنداوی فارس لە گرووپە تیرۆریستییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئێران لە کەس شاراوە نییە، تا ڕادەیەک کە "محەممەد بن سەلمان" شالیاری سەعوودی لەو پەڕی بێشەرمییەوە بەڵێنی دا ئاگری ئاڵۆزی و شەڕ و پێکدادان دەکێشێتە نێو خاکی ئێرانەوە و بەردەوام داکۆکیی خۆی لەو کەسانەی دەربڕیوە کە هەوڵ بۆ ڕووخاندنی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن.

یەکێک لە ئامانجە دزێوەکانی ئەم کردەوانە پێوەندیی دانیان بە پرسە هۆزی و ئایینییەکانە کە لە واشینگتۆن، تێلاڤیڤ و ڕیازەوە پلانیان بۆ دادەڕژێ.

«سید هادی سید افقهی» کارناسی پرسە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە دەوری ئەمریکا لە پەلامارە تیرۆریستییەکانی دژ بە ئێران دەڵێ: "قسەکانی ترەمپ سەبارەت بەم پرس و بابەتانە جێی تێڕامانە، ناوبراو بەردەام جەختی کردووە کە بە هەر لەونێک بووە ڕژێمی ئێران دەگۆڕێ و یەکێک لە ڕێگاکانی دڵخوازی ترەمپ بۆ گۆڕینی حکومەتی ئێران پەلاماری تیرۆریستیی لەو چەشنەیە. ئەو بەردەوام ڕاشکاوانە هەڕەشەی کردووە کە ئێمە دەتوانین لە نێو ئێراندا ئاڵۆزی و بشێوی بنێینەوە."

دڵگەرم کردنی گرووپە تیرۆریستییەکان، تێکشێواندنی پێوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاکستانیش لە ئامانجەکانی دیکەی ئەو پەلامارە  تیرۆریستییەیە.

شاری چابەهار لە ناوچە ئابوورییەکانی ئێران دێتە ئەژمار کە سەرمایەنانەوەیەکی زۆری تێدا کراوە. دیارە کە هۆکارانی ئەو پەلامارە پلانیان بۆ تێکشێواندنی ئاسایش لە ناوچەکە و بەرتەسک کردنەوەی ڕەونەق و گەشەی ئابووریی داڕشتووە.

هەڵبەت ئەم چەشنە پەلامارە تیرۆریستییە لە باری سەربازییەوە هیچ بایەخێکی نییە و ناتوانێ داڕێژەرانی بگەیەنێتە ئامانجە لە پێشەوە داڕێژراوەکانیان؛ بەڵام هیچ گومانێکیش لەوەدا نییە کە تیرۆرستان سەر بە هەر گرووپێک و لە ژێر سێبەری داکۆکیی هەر وڵاتێکدا بن ، لەبەر ئەو جەنایەتانەیان سزایەکی قورس چاوەڕێیان دەبێ.

لە کاردانەوە بە پەلامارە تیرۆریستییەکەی شاری چابەهار بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش وتی: تیرۆریستانی پەروەردەکراو لە داوێنی ژمارێک لە وڵاتان و ناوەندەکانی برەوپێدەری توند و تیژی و توندڕەوی لە ناوچەکە، ئەمڕۆ پەلامارێکی تیرۆریستی و دژە مرۆیی دیکەیان کردە سەر ناوچەی ئابووریی چابەهار بۆ ئەوەی وا بنوێنن ئەو ناوچەیە ئاڵۆز و ناهێورە و پێش بەو گەشانەوە ئابوورییە بگرن کە بە یارمەتیی وڵاتانی ناوچە و لە ئاراستەی گەشە پێدانی ئابووریی و پاوەجێی و هێوری لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەمان  لە چابەهار وەڕێ کەوتووە.

قاسمی جەختی کرد: بێ گومان کەسانی توند و تیژ و مەرگخواز لە ژێر ڕکێفی ناوەندە ناسراوەکان، لە هەر جێگایەکدا بن بەم زوانە بە هۆی ئەو جەنایەتەیان سزایەکی قورس دەدرێن.

سەرپەیڤ