ئامادەیی دەربڕینی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ یارمەتی دانی لێقەوماوانی لافاو لە ئێران
ڕێکخراوی نەتەوەکان و ناوەندە مرۆڤدۆستانە نێودەوڵەتییەکان لەوان ڕێکخراوی خاچی سووری جیهانی ئامادەییان دەربڕی بۆ یارمەتی دانی ئێران بە مەبەستی یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی لافاو.
نووسینگەی ڕێکخەری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران لە پەیامێکدا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماو لەو ناوچانەی لافاو هەستاوەتەوە.
لەو پەیامەدا ئامادەیی ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕاگەیەندراوە بۆ بەڕێ کردنی لێژنەیەکی هەڵسەنگێنەری ناوچە زەبردیوەکان و دیتنەوەی پێداویستیی خەڵکی لێقەوماو و یارمەتیدانی هێزەکانی فریاگوزاری خۆجێی لەو ناوچانەی بە هۆی لافاو تووشی قەیران بوونە.
فدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوەکانی خاچی سوور و هەیڤی سووریش ڕۆژی دووشەممە لە پەیامێکدا بۆ ڕێکخراوی هەیڤی سووری ئێران، ئامادەییان دەربڕی بۆ هەرچەشنە داکۆکی و فریاگوزاری لە ئاراستەی یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماو و لافاولێداو.
ڕێکخراوەکانی خاچی سوور و هەیڤی سووری وڵاتانی ئەڵمان، بەریتانیا، تورکیا و کۆماری ئازەربایجانیش بە ناردنی پەیامگەلێک هاوڕێ لەگەڵ هاوخەمی دەربڕین لەگەڵ ئەو بنەماڵانەی ئەندامانی خۆیان لە دەست داوە و یان ماڵ و ژیانیان بە هۆی لافاو تیاچووە، ئامادەییان دەربڕی بۆ یارمەتی دانی ڕێکخراوی هەیڤی سووری ئێران لە فریاکەوتنی خەڵکی لێقەوماودا.
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لافاو نزیکەی هەر هەموو ئێرانی گرتۆتەوە و زەبر و زیانێکی قورسی دراوی و گیانیشی لێکەوتۆتەوە.
پارێزگای لوڕستان لەم نێوانەدا بەرەوڕووی خراپترین لافاو بۆتەوە و دەتوانین بڵێین ئاو بەسەر هەر هەموو لوڕستان تێپەڕیوە.