شوبات 17, 2026 20:20 Asia/Tehran
  • ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: لە پاپۆڕ مەترسیدارتر ئەو چەکەیە کە نوقمی بن دەریای دەکات

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ، بە ئاماژە بە هەڵوێست و هەڕەشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی ئەمریکایی سەرەڕای ئەوەی بانگەشە دەکەن کە "بەهێزترین سوپای جیهان"یان هەیە، خۆیان باش دەزانن کە توانای جێبەجێکردنی ئەو هەڕەشانەیان نییە و بێتوو یەک هەنگاوی هەڵە بنێن، ڕەنگە وەها زیللەیەکیان بەرکەوێ کە نەتوانن لە شوێنی خۆیان هەستنەوە.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە دیدارێکدا لەگەڵ هەزاران کەس لە خەڵکی تەورێز و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، بە ئاماژەدان بە ڕەوانەکرانی کەشتییە جەنگییەکان و هەراوهوریای میدیایی ئەمریکایی و زایۆنی دژ بە ئێران، فەرمووی: کەشتیی جەنگی ئامرازێکی مەترسیدارە، بەڵام لەوە مەترسیدارتر  ئەو چەکەیە کە دەتوانێت هەمان کەشتیی جەنگی بەرەو بنی دەریاکان بنێرێت. 

ڕێبەری شۆڕش، بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا خۆی بەرەوڕووی کێشەی قووڵی سیاسی، ئابووری و دابەزینی پێگەی نێودەوڵەتی بووەتەوە، ئەم بارودۆخەی بە نیشانەی لاواز بوونی هەژموونی و دەسەڵاتی ئەم وڵاتە زانی و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: کێشەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران ئەوەیە کە دەیەوێت وڵاتەکەمان ملکەچی خۆی بکات، بەڵام گەلی ئێران و کۆماری ئیسلامی ڕێگری لە هاتنەدیی ئەم ئامانجەی دەکەن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی خۆهەڵقورتاندنی ئەمریکا لە دۆسیەی بەرگری و ئەتۆمیی ئێرانی بە نموونەی بەدوور لە عەقڵانییەت و لۆژیک بوونی کاربەدەستانی ئەم وڵاتە زانی و پێیداگرت: خاوەنداریەتی چەکی پێشپێگرانە بۆ هەموو نەتەوەیەک پێویستییەک دێتەئەژمار و هیچ وڵاتێک بە بێ ئامرازی بەرگری ناتوانێت بەرامبەر دوژمنەکانی بوەستێ.

بەڕێزیان هەروەها بە ئاماژەی بە مافی ڕەوا و حاشاهەڵنەگری گەلی ئێران سەبارەت بە کەڵکوەرگرتن لە پیشەسازیی ناڤۆکیی ئاشتیانە،  خۆوەردانی ئەمریکا لەم بابەتەی بە قبووڵنەکراو زانی و فەرمووی: ئەوەی کە لایەنی ئەمریکایی پێشوەختە دەرئەنجامی دانوستانەکان دیاری بکات و بڵێت کە ئێران نابێت وزەی ئەتۆمی هەبێت، کردارێکی هەڵە و گەمژانەیە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە دانپێدانانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەوەی کە سەرەڕای تێپەڕینی ٤٧ ساڵ بەسەر شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا نەیانتوانیوە کۆماری ئیسلامی تیابەرن، پێیداگرت: ئەمە دانپێدانانێکی باشە،  منیش دەڵێم تۆیش ئەوەت پێ ناکرێ.

ڕێبەری مەزنی شۆڕش بە ڕوونکردنەوەی ڕەهەندەکانی ڕووداوەکانی مانگی بەفرانبار، ئەوەی بە پیلانێکی پلانبۆداڕێژراوی هاوشێوەی “کودەتا” وەسف کرد کە بە ڕێنوێنی و لە ژێر کۆنترۆڵی دەزگە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی دیزاینکرابوو، بەڵام بە هۆی بەرخۆدانی هێزەکانی پۆلیس، بەسیج، سپای پاسداران و پشتیوانیی خەڵک پووچەڵکرایەوە. بەڕێزیان سەبارەت بە گیانلەدەستداوانی ئەم ڕووداوانەش، فەرمووی: “جگە لە سەرکردە و ئەندامە سەرەکییەکانی فیتنەکە، هەموو  گیانلەدەستداوان – بە هێزە ئەمنییەکان، ڕێبوارانی بێتاوان و تەنانەت ئەو فریودراوانەشەوە کە لە سەر نائاگایی و  یان لە توڕەییاندا چوونەڕیزی ئاژاوەگێڕانەوە –  ڕۆڵەکانی ئێمە دێنە ئەژمار و ئێمە بۆ هەموویان خەمبارین و ماتەمینی دەگێڕین”. 

سەرپەیڤ