حوزه‌یران 21, 2019 14:19 Asia/Tehran
  • بشێوی لە دەزگەی بریاردانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران

سیاسەتی دەرەوەی ناڕوون، دژبەیەک و تێکدەری دەوڵەتی ئەمریکا لەهەمبەر ئێران، بە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکایی لە ئاسمانی ئێران ئاڵۆزتر و شێواوتریش بووە.

پاش پێکهاتنی کۆبوونەوەی نائاسایی کاربەدەستانی باڵای دەوڵەتی ئەمریکا هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی باڵای کۆنگرێس لە ژووری باروودۆخی کۆشکی سپی بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، ژمارێک لە مێدیاکان بانگەشەیان کرد کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا فەرمانی پەلاماردانی ژمارێک بنکە و ناوچەی گرینگی ئێرانی دەرکردبوو کە لە دوایین ساتەکاندا ئەو فەرمانە هەڵوەشاوەتەوە.

ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممە لە شێوەزارێکی جیاواز لەگەڵ قسە دنەدەرانەکانی ڕابردووی وتی: ڕەنگە ئێرانیش هەڵەی کردووە، من بۆچوونم وایە کە ڕەنگە یەکێک لە ژەنەراڵەکان یان کەسێکی دیکە تووشی هەڵە بووە و بە هەڵە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەی پێکاوە.

پێشتر ترەمپ لە کاردانەوە بە تەقینەوەی دوو گەمیی نەوتهەڵگر لە دەریای عومان وتبووی کە ئەو تەقینەوانە شتێکی ئەوتۆ نەبوون.

بەم حاڵەشەوە زۆربەی مێدیاکانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە لە چەن کاژێری ڕابردوودا "جان بۆڵتۆن" ڕاوێژکاری توندڕەوی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا هاوڕێ لە گەڵ "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوە و  ئەندامانی توندڕەوی دیکەی کابینەی ئەمریکا هەوڵیان داوە بڵێسە بدەن بە ئاگری ئەو کێشە و ناکۆکییانە.

وێڕای ئەوەش نیگەرانی بەرامبەر بە وەڵامی لێبڕاوانەی ئێران بە دەسدرێژیی سەربازیی ئەمریکا، بەو لەنەوی کە بووە هۆی کەوتنە خوارەوەی پێشکەوتووترین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سوپای ئەمریکا لە ئاسمانی ئێران، کۆشی سپی هان داوە بەرەو لای کاردانەوە و هەڵوێستی بە پارێزی زیاترەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران  بەردەوام لە بانترین ئاستی سیاسیدا لەوان لە زمانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشەوە جەختی کردووە کە بەنیازی شەڕ کردن لەگەڵ هیچ وڵاتێک نییە و بۆ شەڕیش هەرگیز دەستپێکەر نەبووە و نابێ. بەڵام بەرگری لە  یەکپارچەیی خاک و پاراستنی سنوورە جوگرافییاییەکان لەوان سنووری ئاسمانی و ئاویی وڵات بەشێک لە هێڵی سووری  ئێران دێتە ئەژمار کە بۆ پاراستنی تەنانەت دەست لە خستنە خوارەوەی فڕۆکەی دەسدرێژکاری  ئەمریکاییش ناگێڕێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی کە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ٢٠٠ ملوێن دۆلاری ئەمریکا تەیار بە پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیای ڕۆژی جیهان  ئەوەی سەلماند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خاوەنی توانایەکی  بانە بۆ بەرگری لە قازانج و بەرژەوەندییەکانی و دەتوانێ بەرامبەر بە کردەوەی توندتری ئەمریکاییەکانیش وەڵامێکی باش و شیاوی هەبێ.

وەها ستراتژییەک لە لایەن ئێرانەوە ، شک و  دڕدونگی لە واشینگتۆن و لە نێوان سیاسەتوانانی ئەمریکایی بەدی هێناوە. دیموکراتەکان هاوڕێ لەگەڵ ئەندامانی دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا و ڕەوتە دژە شەڕەکان یەکجار نیگەرانی ئەوەن کە ستراتژیی دژە ئێرانیی ترەمپ، لە ئاکامدا ئەمریکا بەرەو شەڕێکی نەخوارزاو لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا و ئەویش لە هەمبەر زلهێزێکی وەک ئێران پاڵ پێوە نێ.

ئەوە لە کاتێکدایە کە خودی "دۆناڵد ترەمپ"یش وێرای دەمەقڕە و هەرا و هوریاکانی ئەم دوو ساڵەی دژ بە ئێران و ڕێککەوتنی ئەتۆمی، یەکجار نیگەرانی کاریگەری دانانی شەڕی شیمانەیی دژ بە ئێران لە سەر داهاتویی سیاسیی خۆی، بەتایبەت سەبارەت بە مەسەلەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوویی سەرۆک کۆمارەتییە.

ئەنجامی راپرسییەکان پیشاندەری ئەوەیە زۆربەی کۆمەڵگای ئەمریکا نەیاری هەرچەشنە شەڕ و پێکدادنی سەربازی لە گەل ئێرانن و ترەمپیش خۆی بەجاران کاربەدەستانی دەوڵەتانی پێشووی  ئەمریکای لەبەر وەڕێخستنی شەڕی بێ کۆتایی و پڕخەرج لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا خستۆتە بەر شاڵاوی ڕەخنە و  گازندەوە.

بە هەر حاڵ، کردەوەکانی دوو ساڵی رابردوویی ترەمپ و تیمی "ب" ، ئێستاکە ئەمریکای خستۆتە مەترسیی قمارێکی تۆقێنەرەوە کە سەرکەوتوو هاتنە دەر لەو قومارە بە سەرنج دان بە سوور و پێداگر بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر زیاترین خۆڕاگری بەرامبەر بە زیاترین گوشاری ئەمریکا ، هەر گونجاو نابێ، مەگین ئەوەی کە کە ئەمریکا ستراتژیی خۆی بەرامبەر بە ئێران بگۆڕێ، بەڵێن و ئەستۆگرییە نێودەوڵەتییەکانی لەوان لە چوارچێوی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران بەجێ بێنێ و ئەو زەبر و زیانانەی لە گەلی ئێرانی داوە قەرەبووی بکاتەوە.

 

سەرپەیڤ