ڕۆحانی: جێ و شوێنی ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە نێو وڵاتان و گەلانی جیھاندا بەرزتر دەبێتەوە
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە ھەوڵی ئەمریکیەکان بۆ تەریک خستنەوەی ئێران،وتی:جێ و شوێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە نێو وڵاتان و گەلانی جیھاندا بەرزتر دەبێتەوە.
«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی پێنج شەممە لەپاش بەجێ ھێڵانی تاران و گەشت کردنی بۆ باکوی پێتەختی کۆماری ئازەربایجان، بە مەبەستی بەشداری کردن لە ھەژدەھەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی بزوتنەوەی بێ لایەنەکان، وێڕای ئاماژەکردن بەیەک لایەنەخوازییەکانی ئەمریکییەکان و دەستوەردانیان لە کاروباری وڵاتانی جیھان ، وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتێکی زۆر گرینگ و کاریگەرە لە ناوچەکەداو لە بەرامبەر پیلانی دوژمنان و بە تایبەت ئەمریکا ڕێبازی خۆی بەردەوام دەکات.
ڕۆحانی بۆ شی کردنەوەی بەرنامەی گەشتەکەی کۆماری ئازەربایجانیش لە سەر پێویستیی بەشداریی چالاکانەی ئێران لە کۆبوونەوە ناوچەیی و جیھانییەکاندا پێی داگرت.
«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە بەرپا کرانی ەژدەھەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی بزوتنەوەی بێ لایەنەکان لە کۆماری ئازەربایجان وتیشی: پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان وەک وڵاتێکی دۆست و دراوسێ گرینگایەتییەکی تایبەتیی ھەیە.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی جیا لە وتاردان لە کۆبوونەوەی بێ لایەنەکان و شرۆڤەو ڕوون کردنەوەی ھەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری پرسە گرینگە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان، دیدارگەلێکی جیاجیاشی لەگەڵ کۆمەڵێک لە سەرکردەکان لە کۆبوونەوەکانی باکوو لەوانە ئیلھام عەلی ئێف سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ئەنجام دا.
ھەژدەھەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی بزوتنەوەی بێ لایەنەکان ڕۆژانی ھەینی و شەممە لە باکوو بەڕێوە دەچێت.
لە ئێستادا ١٢٠ وڵاتی جیھان ئەندامی فەرمی و ١٧ وڵاتیش ئەندامی چاودێری بزوتنەوەی بێ لایەنەکانن.