تشرینی یه‌که‌م 25, 2019 15:23 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی : گەلانی ئێران و ڤەنزۆئیلا بە خۆڕاگریی خۆیان وانەیەکی گەورەیان فێری ئەمریکا کرد

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە گەلانی ئێران و ڤەنزۆئیلا بە خۆڕاگریی خۆیان وانەیەکی گەورەیان فێری ئەمریکا کرد،وتیشی: تاران ئامادەی پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڤەنزۆئیلایە وەک وڵاتێکی دۆست و برادەر لە ھەموو بوارەکاندا.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆزی ھەینی لە دیداری «نیکۆلاس مادۆرۆ» سەرۆک کۆماری ڤەنزۆئیلا لە پەراوێزی ھەژدەھەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی بزوتنەوەی بێ لایەنەکان لە باکوی پێتەختی کۆماری ئازەربایجان،وتی: ئێران و ڤەنزۆئیلا لە ھەموو کۆڕو کۆبوونەوە نێونەتەوەیی و سیاسییەەکاندا پشتیوانی یەکتر بوونەو ھەرواش دەمێننەوە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی  بە دەربڕینی ئەمەی کە گەلانی ئێران و ڤەنزۆئیلا بە خۆڕاگرتن لە بەرامبەر پیلانەکانی دەستوەردەرانەی ئەمریکا، ئەو وڵاتەیان ناچار کرد بکشێتەوەو پێملی شکستەکانی بێت، وتیشی: ئەمریکییەکان لە بەرەوپێش بردنی ھیچ پیلانێک لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا ھەر لە عێراقەوە بگرە ھەتا سووریاو فەلەستین و ئەفغانستان و یەمەن نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن.

«نیکۆلاس مادۆرۆ» سەرۆک کۆماری ڤەنزۆئیلاش لە دیدارەکەدا داوای پەرەسەندنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ھەردووک وڵاتی کرد لە بواری جۆربەجۆرداو وتی: لێژنە ھاوبەشی ھاوکارییە ئابوورییەکانی دوو وڵات تەواوی بەشتێن و ڕێگاکانی ھاوکارییەکانی ئامادە کردووە کە دەبێ بۆ ڕاپەڕاندنیان خێراتر ھەنگاو ھەڵبگیردرێت.

سەرۆک کۆماری ڤەنزۆئیل بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە بە داخەوە لە ئەمریکادا توندئاژۆترین و شەڕخوازترین گروپ دەستەڵاتی بە دەستەوە گرتووە، وتی: لەئێستادا تەواوی وڵاتانی سەربەخۆ دژی ھەڵس و کەوتی توندئاژۆیانەو تیرۆریستیی ئەمریکا بەرەیەکی بەربڵاویان پێک ھێناوەو دیارە ئەمەش گەلێک بایەخمەندە.

سەرپەیڤ