ته‌مووز 22, 2020 09:00 Asia/Tehran
  • دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئاسایشتییەکانی ناوچەکە، تەوەرەی وتووێژەکانی نێوان شەمخانی و کازمی

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران دوای نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە چاوی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوت و سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئاسایشتییەکانی ناوچەکە بە تایبەت ڕەوتی خەباتی دژی تیرۆریزم و ڕەوتە داکۆکیکارەکانی وتووێژی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لە دیدارەکەدا «عەلی شەمخانی» وێڕای ڕوونکردنەوەی ھەنگاوە چەپەڵ و تیرۆریستی و ئاسایشت تێکدەرەکانی ئەمریکا، ھەوڵی ھاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە بۆ کشانەوەی ھەرچی خێراتری ئەمریکای ملھوڕی بە پێویستییەکی حاشاھەڵنەگر زانی لە ئاراستەی ھێزمەند کرانی سەقام و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

«شەمخانی» وێڕای ئاماژە کردن بە سیاسەتەکانی ستراتژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ بەرەڤانی کردن لە سەروەری و دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق، لە سەر ویستی ئێران بۆ پەرە پێ دانی ھەمەلایەنەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەت و گەلی دۆست و برادەری عێراق پێی داگرت.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران، وێڕای ئاماژە کردن بە ھەنگاوەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ ھێزمەند کردنی ئاسایشتی سنوورەکان، خێراکردنەوەی ڕەوتی ڕێککەوتنەکانی نێوان دوو وڵات بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووریی بە گرینگ و بە قازانجی بەرژەوەندییەکانی ھەردووک وڵات زانی.

ناوبراو ھەروەھا وێڕای پێشوازی کردن لە ھەوڵی دیپلۆماسیانەی عێراق بۆ پێکھێنانی ئاسایشتی ناوچەیی و سڕینەوەی گرژی و ناکۆکیی نێوان دراوسێکان، وتیشی، ڕێگاچارەی دڵنیای دەرباز بوونی ناوچەکە لە قەیرانی ناھێمنی و تیرۆریزم، ھاوکاری و یەکگرتنی تەواوی وڵاتانی ناوچەکە بەبێ ئامادە بوونی ھێزەکانی بیانییە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران، بەدواداچوونی سیاسی و مافەوانی  بۆ دۆسیەی تیرۆری «سەردار سولەیمانی» و «ئەبو مەھدی موھەندیس»ی ھەتا گەییشتن بەدادگایی کردن و سزادرانی ھۆکارە سەرەکی و لاوەکییەکان بە خواستی ھەردووک نەتەوەی ئێران و عێراق زانی و وتیشی: ھەوڵ و ھەنگاوی ھاوبەشی ھەردووک وڵات لەم بوارەدا، دەتوانێ وێڕای خێراکردنەوەی ڕەوتی پێ و شوێن گرتنی دۆسیەکە، ھۆکارێکی بەرپەرچدەریش بێت بۆ پێشگرتن بە دووپات بوونەوەی ئاوا ھەنگاوگەلێکی سەرەڕۆیانە.

«موستەفاکارمی» سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ھەر لە دیدارەکەدا وێڕای ستایش کردنی داکۆکیی ھەمەلایەنەی دەوەت و نەتەوەی ئێران لە بەرگری کردن لە سەروەری و دەستەڵاتی نیشتیمانی و جەماوەری عێراق، بە تایبەت لە سەردەمی دژواری خەباتی دژی داعش، یەکێتیی ھەردووک گەلەکەو پەیوەندیی ستراتژیی ئێران و عێراقی بە پتەوکەرەوەی ئاسایشت و تەناھیی ھەردووک وڵات و ناوچەکە زانی و وتیشی: دەوڵەت و گەلی عێراق قەت داکۆکی و ڕاوەستانی گەلی ئێران لە تەنیشتی عێراقیان کە تێکەڵ بە خوێنی ئازیزترین کەسانیانە، لەبیر ناچێتەوە.

سەرپەیڤ