لە یەک مانگدا ئێران بە بەهای 441 ملیۆن دۆلار کاڵای بە عێراق فرۆشتووە
ئێران لەماوەی مانگێکدا بە بەهای 441 ملیۆن دۆلار کاڵای نانەوتی هەناردەی عێراق کردووە، پاش وڵاتی چین دووەم وڵات دێت کە ئێران زۆرترین کاڵای بۆ هەناردە کردووە.
ڕوحوڵا لەتیفی، وتەبێژی بەرژەوەندییە گومرگییەکانی ئێران بە میدیاکانی ئێرانی وتووە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ وڵاتاندا لەماوەی نێوان 22ی تەموز بۆ 21ی ئابی ئەمساڵ بریتی بووە لە 5 ملیار و 37 ملیۆن دۆلار.
لەتیفی ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئێران بە بەهای 2 ملیار و 875 ملیۆن دۆلار کاڵای هاوردە کردووە، لەبەرامبەریشدا بە بەهای 2 ملیار و 162 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە کردووە.
لەبارەی ئەو وڵاتانەی زۆرترین کاڵایان لەلایەن ئێرانەوە بۆ هەناردەکراوە ئەوە خراوەتەڕوو، عێراق لە پاش چین دووەم وڵاتە کە زۆرترین کاڵای نانەوتی بۆ هەناردە کراوە کە بەهاکەی 441 ملیۆن دۆلار بووە.
پێشتر بەرپرسانی ئێرانی رایانگەیاندبوو ،ئێران پلانی هەیە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق بەرز بکاتەوە بۆ 20 ملیار دۆلاری ساڵانە.