گومرگی باشماخ پلەی یەکەمی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سنوورەکانی ئێران تۆمار دەکات
سەرپەرشتیاری گومرگەکانی پارێزگای کوردستان لە لێدوانێکدا دوایین ئاماری لەبارەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەروازەی سنووری باشماخ ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند ئەو دەروازەی سنوورییە لە نێو دەروازەکانی ئێران بۆ کاروباری بازرگانی لە پلەعی یەکەمدا خۆی بینیوەتەوە
ڕۆژی دووشەمە 10ی خەرمانانی 1399 بەرانبەر بە 31ی ئابی 2020 بەختیار ڕەحمانی پوور سەرپەرشتیاری گومرگی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کوردستان لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتاییی مانگی گەلاوێژ 13 هەزار و 278 تەن کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بازاڕەکانی نێوخۆی ئێران هاوردە کراوە کە بەهاکەی نزیکەی 10 ملوێن دۆلار بووە.
ڕەحمانی پوور ئاشکراشی کرد ڕەقەمی وردی هاوردەکردن لە سنووری باشماخەوە گەیشتۆتە 9 ملوێن و 929 هەزار و 685 دۆلار.
هەر بە وتەی بەڕێوەبەری گومرگەکانی کوردستان لە هەمان ماوەی ئەمساڵدا 144 هەزار و 38 تەن کاڵا لە ئێرانەوە بەرەو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەناردە کراوە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کۆی 479 هەزار و 195 تەن کاڵا لە دەروازەی باشماخەوە ئاڵوگۆڕ کراوە کە بەهاکەی دەگات یەک ملیار و 15 ملوێن و 826 هەزار و 14 دۆلار.
ناوبراو ئەوەشی بیر هێنایەوە کە پاش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەشی زۆری بازرگانییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێ لە سنوورەکانەوە پەکی کەوت بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو کە بەشی هەرەزۆری ئاڵوگۆڕەکە لە دەروازەی سنووری باشماخەوە ئەنجام دراوە و بۆیەش ئەو دەروازە سنوورییە بە پلەی یەکەمی ئێران هاتۆتەوە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی زەمینی.