تشرینی دووه‌م 02, 2020 19:15 Asia/Tehran
  • تەرمەکانی بنەماڵە کوردەکە دەگەڕێندرێنەوە ئێران

وتەبێژی وەزاڕەتی دەرەوەی ئێران وێڕای شیکردنەوەی بەدواداچوونەکانی وەزاڕەتی دەرەوە لە بارەی بنەماڵە نوقم بووەکە لە کاناڵی مانش گوتی : کاری پێویست بۆ گواستنەوەی تەرمەکانی ئەم رووداوە دەڵتەزێنە بۆ ئێران دوای قۆناغە یاساییەکان و دەرچوونی مۆڵەتی یاسایی ئەنجام ئەدرێت .

سەعید خەتیب زادە رۆژی دوشەممە لە وتووێژ لە گەڵ ئیرنادا لە بارەی دوایین رەوشی ئەم دۆسیە ، وێڕای سەرەخۆشی کردن لە بەجێماوانی قوربانیەکان گوتی : وەزاڕەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاریس لە هەمان کات و ساتە بەراییەکانی وەرگرتنی هەواڵی تاڵ و ناخۆشی خنکانی ئەم بنەماڵە ئێرانیە لە کاناڵی مانش ، بەدواداچوونی شێلگیرانەی خۆی دەسپێکرد .

وتەبێژی وەزاڕەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی : بە پێی دوایین هەواڵی وەرگیراو لە وەزاڕەتی دەرەوەی فەڕەنسە وپۆلیسی خۆجێیی ، تا ئێستا تەرمی چوار کەس لە ئەندامانی ئەم بنەماڵە دۆزاوەتەوە  و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دوایین ئەندامی بنەماڵەکە بەردەوامە .

گوتیشی : بە پێی راپۆرتی بەرایی پۆلیسی دادڤانیی فەڕەنسە ، کەسی گومانلێکراو بە دەست تێدابوون لە روودانی ئەم رووداوە گیراوە  و لێکۆڵینەوەی لە گەڵدا دەکرێت.

بنەماڵەیەکی 5 کەسی کوردی خەڵکی ئاوایی گوڵینێ ی سەردەشت رۆژی سێشەممە 27 ی ئوکتوبر بەیناز بوون بە بەلەم لە فەڕەنسەوە خۆیان بگەیەننە بریتانیا کە لە دەریای مانش دا نوقم بوون . 

ئەم بەلەمە کە لە نریک شاری دانکرێکی فەڕەنسە وەرگەڕا ، 19 کەس سەرنشینی ھەبوو . 

دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و لاگری کۆچبەرانیش وێڕای رەخنەگرتن لە سیاسەتی دژی کۆچبەری حکومەتی بریتانیا رایانگەیاند ، بریتانیا بەم سیاسەتانە کۆچبەران بەرەو ئاقاری مەرگ دەبات . 

سەرپەیڤ