سی و چوارەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی وەحدەت و یەکگرتنی ئیسلامی
سی و چوارەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی وەحدەت و یەکگرتنی ئیسلامی کە لە ڕۆژی پێنح شەممە ھەشتەمی خەزەڵوەر ڕێککەوت لە گەڵ ١٢ی ڕەبیعولئەووەڵ بە شێوەی ئۆنلاین کاری خۆی دەست پێکرد بوو ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی خەزەڵوەر کۆتایی پێ ھات.
لەم کۆنفرانسەدا زیاتر لە ١٦٧ کەسایەتیی ھەڵکەوتەی جیھانی ئیسلام لە ٤٧ وڵات و ھەروەھا ١٢٠ وتاردەری نێوخۆیی بە شێوەی «وبیناری» لە بارەی پرسەکانی کۆنفرانسەکەو بە تایبەت ھاوکاریی ئیسلامی بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ گرفت و کارەساتەکان لەوانە کۆرۆنا وتاریان پێشکەش کرد.
ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراھیمی ڕەییسی سەرۆکی ھێزی دادەڤانی لە ئاھەنگی کۆتایی سی و چوارەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی وەحدەت و یەکگرتنی ئیسلامی، وێڕای پیرۆز کردنی حەوتەی وەحدەت، لەدایک بوونی ڕەسوڵی سەردار(ص) و ئیمامی سادق(ع) وتی: ھاوتەریبیی ئەم دوو لەدایک بوونە بە ھەڵکەوت نییە، مەولوودێک دێتە سەر دنیا کە ھاوکات لەگەڵ لەدایک بوونی بەڕێزی کۆڵەکەو میچی کۆشکێک شەق دەبات و دیارە ئەمەش ھەروا نییە، ھاوتەریبییەک لە تەکوین دا ھەیە.
پەیامی ئەم تەکوینەش ئەمەیە کە وتەکانی پێغەمبەری سەردار(ص) دەشێ لە لایەن ئیمامی سادق(ع)ەوە بۆ کۆمەڵگا ڕوون بێتەوە، چەمک و واتای ئەم ھاوتەریبییە ئەمەیە کە ڕێگای ڕێنوێنی ڕێگایەکە کە دەبێ ڕێڕەوی ڕێبازی حەق بەردەوام لەبەرچاوی بێت و ونی نەکات.
ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ئەم کۆنفرانسە کەشەکە بۆ زانایانی ئایینی دەکاتەوە ھەتا قسەی دڵیان ئا لەم دۆخە تاقەت پڕوکێنەدا بکەن، وتیشی بەرلە ھەموو شتێک ئێمە دەبێ خۆمان لەگەڵ ئەم ھەل و مەرجە سەپێندراوەدا ڕێک خەین و دەبێ بەشێوەیەکی ئەرێنی و گونجاو بە باشی لەگەڵی دا ھەڵس و کەوت بکەین ھەتا لە تێوەگلان بەو مەترسیانەی کە پێویست ناکات خۆمانی لێ نزیک کەینەوە دوورەپەرێزی بکەین.
مەولەوی «حەبیبوڵڵا حیسام» سەرۆکی ئەنجومەنی برایەتیی ئیسلامیی ئەفغانستانیش لە لێدوانێکدا لە ئاھەنگی کۆتایی سی و چوارەمین کۆنفرانسی وەحدەت و یەکگرتن وتی: بنەمای سەرەکیی ئایینی ئیسلام وەحدەت و برایەتی و ھاوپشتییە.
لەم کۆنفرانسەدا پەیوەندیی ڕاستەوخۆو وتاردانی مەولەوی نەزیر ئەحمەد سەلامی نوێنەری مەجلیسی خوبرەکانی ڕێبەری و مامۆستا مەلاقادری قادری ئیمام جومعەی شاری پاوەشمان ھەبوو.
لە درێژەدا حوججەتولئیسلام وەلموسلمین شەھریاری سکرتێری گشتیی کۆگەی جیھانیی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان، حوججەتولئیسلام وەلموسلمین موسەوی جێگری سەرۆکی کۆگاکەو مەولەوی ئیسحاق مەدەنی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆگاکە وتاریان پێشکەش کرد.
پەردە لادان لە سەر ماڵپەڕی «ویکی وەحدەت»و کتێبی « فلسطین فی وجدان علما الاسلام » و بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڕێزگرتن لە پێشەنگی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان ، خوالێخۆش بوو ئایەتوڵڵا «تەسخیری» لەو بەرنامانەی دیکەی ئاھەنگی کۆتایی سی و چوارەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی وەحدەت و یەکگرتنی ئیسلامی بوو.