دەنگدانی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە یەکەم ساتی دەست پێ بوونی سیانزەھەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی کاتژمێر ٧ ی بەیانیی ئەمڕۆ ھەینی لە یەکەم ساتی دەست پێ بوونی سیانزەھەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران بە ئامادە بوون لە بنکەی ژمارە ١١٠ی حسەینیەی حەزرەتی ئیمام خومەینیی(رە) دەنگی خۆیان خستە نێو سندوقەکانی دەنگدانەوە.
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ئەمڕۆ ھەینی ١٨ی ژوئەنی ساڵی ٢٠٢١ ی زایینی ڕێککەوت لەگەڵ ٢٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ی کۆچیی ھەتاوی، ھاوکات لەگەڵ خەڵکی سەرتاسەری ئێرانی ئیسلامی لە حسەینیەی حەزرەتی ئیمام خومەینیی(رە) ئامادە بوون و دەنگەکانی خۆیانیان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داھاتووی ئێران و شەشەمین خولی ئەنجومەنە ئیسلامییەکانی شارودێ و ھەڵبژاردنی نێواندەورەیی پێنجەمین خولی مەجلیسی خوبرەکانی ڕابەری خستە نێو سندوقەکانی دەنگدانەوە.
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە پاش دەنگدان لە بەرامبەر کۆمەڵێکی زۆر لە ھەواڵنێرو ڕۆژنامەنووسانی نێوخۆو دەرەوە، گەلی قارەمانی ئێرانیان بۆ بەشداری کردنی بەربڵاو لە ھەڵبژاردندا ڕاسپارد و ڕایانگەیاند کە: ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕۆژی گەلی ئێرانە. ئەمڕۆ مەیداندارو شانۆگێڕی سەرەکیی ئەم گۆڕەپانە خودی خەڵکن کە بە ئامادە بوونیان لە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و ئاراستەکردنی دەنگەکانیان چارەنووسی گشتی و بنەمایی وڵات بۆ ماوەی ساڵانی داھاتوو دیاری دەکەن.
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ھەروەھا جەختیان لەوەش کردەوە کە: ئەمڕۆ ھی جەماوەرەو ھەر لە بەیانیەوە ھەتاکو شەو ھەر کارێک کە جەماوەری ئێران لە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان ئەنجامی بدەن، دیارە چارەنووسی چەند ساڵی داھاتوویانی پێ دیاری دەکەن و ڕێک ھەر لە بەر ئەمەشە کە عەقڵ و ژیرایەتی واھەڵدەگرێت کە ھەمووان لەم لەم تاقیکارییە گەورە نیشتیمانی و سەرتاسەریەدا بەشداری بکەن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی لە درێژەی وتەکانیاندا تیشکیان خستە سەر ئەمەی کە یەکەم کاریگەریی ئامادە بوونی خەڵک لە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و بەشداری کردنیان لە ھەڵبژاردن بۆ خۆیان دەگەڕێتەوەو وتیشیان: ھەڵبەت دیارە بە بەشداری بەربڵاوی خەڵک لە ھەڵبژاردندا حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە ئاستی نێونەتەوەیی دا سەرەتیی گەورە بەدەست دێنێ، بەڵام ئەوەی وا لێرەدا گرینگە ئەمەیە کە ئەوەی وا یەکەم قازانجی لەم بوارەدا دەست دەکەوێت خودی خەڵکن.
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە کۆتایی وتاردانەکەیاندا جەماوەری ئێرانیان بۆ بەشداریی بەربڵاو لە ھەڵبژاردندا بانگێشتن کردو وتیشیان: تەنانەت تاقە دەنگێکیش گرینگە وکاریگەریی خۆی دادەنێت، با کەس نەڵێت بە تاقە دەنگێکی من ھیچ ڕوو نادات، دیارە تاقە دەنگێکیش ھەر گرینگەو ھەر ئەم تاقە دەنگانەن کە کۆ دەبنەوەو دەنگی ملوێنیی جەماوەر پێک دەھێنن. بە ھیواین کە خوداوەندی تاقانەش بەرەکەت بە دەنگەکاتان ببەخشێت و بتوانن داھاتوویەکی باش بۆ خۆتان و وڵاتەکەتان بەدی بھێنن.