هۆشداریی سپای پاسداران بە هەرێمی کوردستان : وڵامی ھەنگاوە تیرۆریستیەکان ئەدەینەوە
فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی بە ئاماژە بە کەڵکوەرگرتنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ نا ئەمن کردنی ناوچە سنوورییەکانی ئێران وتی: نیشتمانی خۆتان مەکەنە مۆڵگەی تیرۆریستان.
بە پێی هەواڵی ھەواڵدەریی مێهر، سەردار پاکپوور فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران هۆشداریی بە هەرێمی کوردستان دا.
دوای ئەوەی کە هەندێ گرووپی تیرۆریستی چەکدار لە ناوچەی سنووریی باکووری ڕۆژاوای ئێران جموجووڵی نوێیان کردبوو، سەردار محمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەوینی سپای پاسداران لە بەسەر کردنەوەی یەکینەکانی بنکەی سەربازیی سنووریی ئەم ناوچانە ، جەختی کردەوە کە تا ئێستا چەندین جار هەرێمی کوردستانمان ئاگادار کردۆتەوە.
وتیشی: چەندین ساڵە کە گرووپە تیرۆریستی و دژە شۆڕشەکانی سەر بە ئیستکباری جیهانی و دەزگا سیخوڕییە بیانییەکان لە جوگرافیای هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدەن بۆ شێواندنی ئاسایشی سنووری ئێران و ئازاردانی خەڵکی ئەم ناوچە سنووریانە و لەمبارەوە هۆشداریی پێویستمان بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراقیش داوە.
سەردار پاکپوور بە جەختکردن لە سەر ئەوەی کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نابێت ڕێگە بە تیرۆریستان بدەن کە بە جموجۆڵ و دروست کردنی بنکە لە هەرێم ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێران، وتی: هەرچەشەنە کەمتەرخەمی و غەفڵەت لەمبارەوە بە دژی پەیوەندیی باشی دوو لایەن دەزانین.
فەرماندەی هێزی زەوینی سوپای پاسداران هەروەها ڕایگەیاند کە وڵامی کوشندە بە تیرۆریستان دەدەینەوە و خەڵکی ئەو ناوچە سنووریانەی هەرێمی کوردستان دەبێ نزیکی بنکەی تیرۆریستان نەکەون تاکوو زیانیان بەر نەکەوێت.