تشرینی یه‌که‌م 06, 2021 16:10 Asia/Tehran
  • جەختی ئێران و ڕووسیا لە سەر پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانیان

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ڕووسیا پێکەوە دیداریان کردو پێیان لە سەر پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانیان داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و «سێرگێئی لاڤرۆف» وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە مۆسکۆ چاویان بە یەکتر کەوت و لە سەر پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانی ھەردووک لا لە بوارە جۆربەجۆرە دوو لایەنەو ناوچەییەکان جەختیان کرد.

لاڤرۆف لە دیدارەکەدا وتیشی: سەرباری تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا وتووێژەکان بە ڕێک و پێکی لە ئاستی سیاسی ، لەوانە لە ئاستی سەرۆک کۆمارانی دوو وڵات لە ئارادا دەبێت.

وتیشی: بواری تازەی وتووێژەکان قەبوڵ کرانی ئێران لە ڕێکخراوەی ھاوکاریی شانگھایە، بەڵام ئەولەوییەتی سەرەکی دانوستانەکانی بەرجامە. بەرجام بەبێ ھیچ جۆرە بابەتێکی زیادی دەبێ بەڕێوە بچێت.

وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە دیدارەکەدا وتی: پەیوەندیی نێوان ھەردووک سەرۆک کۆمارەکەو ئەم سەردانەش پشتڕاست کردنەوەیەکی ئەمەیە کە دانوستانەکان و پەیوەندییەکانی دوو وڵات ستراتژین.

ئەمیر عەبدوڵڵاھییان وتیشی: لە دانوستانی تازەدا دەبێ بۆ گەییشتن بە بازدانێکی تازە لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات ھەوڵ بدرێت. ئێمە ھاوکاریی ناوچەیی و دوو لایەنەمان پێکەوە ھەیە و ئەمڕۆش وتووێژی زیاترمان دەبێت و جەخت لە پەرە پێ دانی ھاوکارییە بازرگانییەکان دەکەینەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: ھەلێکی باشە بۆ ئەوەی لە بارەی گۆڕانکارییە نێونەتەوەییەکان لەوانە قەوقازی باشووری، یەمەن و ئەفغانستانەوە قسە بکەین.

سەرپەیڤ