ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: بەرپرسانی وڵاتی دراوسێ و برامان ئەفغانستان ھۆکارانی خوێنمژی تاوانەکەی «قەندور» سزا بدەن
دوابەدوای کارەساتی دڵتەزێنی تەقینەوە لە مزگەوتێکی پارێزگای «قەندوز»ی ئەفغانستان و گیان لە دەست دانی کۆمەڵێکی زۆر لە جەماوەری نوێژخوێن، حەزرەتی «ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی» لە پەیامێکدا لە سەر سزادرانی بکەرانی ئەو تاوانە دڕندانەیە و پێشگرتن بە دووپات بوونەوەی وەھا کارەساتگەلێکی دڵتەزێن پێی داگرت.
بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی «ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی» ڕۆژی شەممە لە پەیامێکدا جەختی کرد: کارەساتی تاڵ و دڵگڵۆفێنی تەقینەوە لە مزگەوتی «خان ئاباد»ی پارێزگای «قەندوز» کە گیان سپاردنی کۆمەڵێکی زۆر لە بڕوادارانی نوێژخوێنی لێ کەوتەوە، بە ڕاستی خەمباری کردین.
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامەکەی دا ڕایگەیاند: لە بەرپرسانی وڵاتی دراوسێ و برامان ئەفغانستان بەبڕشتانە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە بکەرانی خوێنمژی ئەم تاوانە گەورەو دڕندانەیە سزا بدەن و بە تەگبیری پێویست ڕێ لە دووپات بوونەوەی وەھا تاوانگەلێکی دڵتەزێن بگرن.
بەڕێزی ھەروەھا لە خوداوەندی مەزن داوای بەزەیی و بەرزکردنەوەی پلەی ڕۆحیانەتی شەھیدانی ئەو کارەساتەو چاکبوونەوەی خێرای برینداران و تاقەت و پشوودرێژی بۆ کەس و کاری قوربانیانی ڕووداوەکەی کرد.
نیوەڕۆی ڕۆژی ھەینیی ھێرشێکی تیرۆریستی لە مزگەوتێکی «قەندووز»ی باکووری ئەفغانستان شەھیدو بریندار بوونی دەیان کەس لە شێعەکانی ئەو وڵاتەی لێ کەوتەوە.
چەند کاژێرێک دوای ئەو ھێرشە، تاقمی تیرۆریستیی داعش بەرپرسایەتیی ھێرشی خۆکوژیی سەر ئەو مزگەوتەی «قەندوز»ی گرتە ئەستۆ.