پەیوەندیی بازرگانیی نێوان پارێزگاکانی ھەولێری ھەرێمی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران
پارێزگاری هه‌ولێری ھەرێمی کوردستان سه‌ردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی ورمێی ناوەندی ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێرانی کرد‌و لە دیدارەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ژوورەکەدا دا پێی داگرت لە سەر دروستکردنی هه‌ماهه‌نگی و کارکردنی پێکه‌وه‌یی.
پارێزگای هه‌ولێری ھەرێمی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێک دا وای بڵاوکرده‌وه کە، «ئومێد خۆشناو» پارێزگاری هەولێر، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای ورمێی کردووەو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و ژووره له‌باره‌ی پرسه بازرگانی و ئابوورییه‌کان، کۆبووهتەوه.
پارێزگای هه‌ولێر راشیگه‌یاندووە، پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی سه‌ردانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئامادەبوونى «نادر سادقی» جێگری پارێزگاری ئازەربایجانی ڕژئاوا بۆ کاروباری بازرگانی، ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیی ورمێی بەسەر کردووەتەوەو بە گەرمی لە لایەن بەرپرسانی ئەو ژوورەوە پێشوازىی لێ کراوە.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی پارێزگای هه‌ولێر، له‌و دیداره‌دا، تیشک خراوەتە سەر رەوشی ئابووری و چۆنیەتىی بەهێزکردنى جوڵەو ره‌وشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین.
ئومێد خۆشناو لە کۆبوونەوەکەدا رایگه‌یاندووە: هەموو هەوڵێکی خۆمان خستووه‌ته گه‌ڕ بۆ گەشەو پەرەپێدانی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازیی لە شارەکەمان، ئاماده‌ین هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی و کارگێڕى پێشکەش بە کۆمپانیاکان و بازرگانانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و وڵاتانى دیکەش بکەین، بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵ و کاریگەریان لە بەرەو پێشبردن و پێشخستن و په‌ره‌پێدانی بازرگانى و پیشەسازی و وەبەرهێنان لە هەولێر وەگەڕ بخەن.
سەرۆکی ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیی ورمێ‌ش وێڕاى خۆشحاڵى دەربڕین لە سەردانەکەى پارێزگارى هەولێر، جەختی له‌سه‌ر ئه‌وه کردووەتەوە کە، هەموو هەوڵێکى خۆیان لە پێناو پتەوکردنى پەیوەندییە پیشەسازى و بازرگانیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران دەخەنە گەڕ.