ڕەییسی:پەیوەندیی ناوازەی ئێران و ڕووسیا بە ئاراستەی ڕەوشتێکی ستراتژی دا دەڕوات
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، وتی: ھیچ بەرتەسکییەک بۆ پەرە سەندنی پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا لە ئارادا نییەو پەیوەندییە ناوازەکانی تاران و مۆسکۆ بە ئاراستەی ڕەوشتێکی ستراتژی دا دەڕوات.
«سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە دیدار لەگەڵ «ڤلادیمیر پوتین» سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە مۆسکۆ وێڕای ئاماژە کردن بە ڕۆڵی کاریگەری دوو ھێزی ئێران و ڕووسیا لە ناوچەکەو جیھان، تێگەییشتنی دوو وڵات لە بارەی کاروباری ناوچەیی و نێونەتەوەیی بە بەستێن خۆشکەری ھاوکارییە ھاوبەشەکان زانی و وتیشی: پەیوەندیی ئێران و ڕووسیا بە ئاراستەیەکی ستراتژی دا دەڕوات.
«ڕەییسی» ئەوپەڕی ھەڵس و کەوت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ھاوپەیمانی بە ئەولەوییەتی سیاسەتی دەرەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران زانی و وتیشی : ھێزمەند کردنی ھاوکارییە دوو قۆڵییەکانی ئێران و ڕووسیا دەبێتە ھۆی برەو سەندنی ئابووریی دوو وڵات و پەرەسەندنی ئاسایشتی ناوچەکەو جیھانی لێ دەکەوێتەوە.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ھاوکاریی ئێران لەگەڵ دەوڵەتە سەربەخۆکان بەدەر لە گۆڕانکارییە نێونەتەوەییەکان پەرە دەستێنێ، خەباتی دژی تیرۆریزم و قاچاخی بەبەرنامەی ماددە ھۆشبەرەکانی بە تەوەرێکی دیکەی ھاوکارییە ھاوبەشەکان زانی و وتی: ئەزمونی سەرکەوتووی ھاوکاریی دژی تیرۆریزم لە سووریا دەتوانێ لە قەوقازو ئەفغانستانیش بەکار بھێندرێت.
سەرۆکی ھێزی کارگێڕیی ئێران ھەروەھا تاکە ڕێگای سەقام و پاوەجێیی لە ئەفغانستانی لە پێکھاتنی دەوڵەتێکی گشتداگر بە بەشداری تەواوی ھۆزو گروپەکانیەوە زانی و پێی داگرت: ئێران لە چل ساڵ لەمەوبەرەوە ھەروەکو ڕووسیا لە بەرامبەر ئەمریکادا وەستاوە.
ڕەییسی ھاوکاریی ئێران و ڕووسیای لە خەباتی دژی تیرۆریزم لە سوریادا بە ئەزمونێکی سەرکەوتو زانی و وێڕای پێداگرتن لە سەر پاراستنی سەروەریی سووریا وتیشی: دەستەڵاتی تۆکمەوتەواوی دەوڵەتی ناوەندی بە سەر تەواوی سەرزەوین و سنوورە نێونەتەوەییەکانی سووریا تاکە ڕێگای دابین کرانی ئاسایشتی سووریایەو سووڕی پوچەڵی جێگۆڕکێی نێوان داگیرکەر لەگەڵ تیرۆریست و بە پێچەوانەوە لە سووریادا دەبێ ڕاگیردرێت.