ئەمیرعەبدوڵڵاھییان: دیداری سەرۆک کۆمار لەگەڵ میری قەتەر بەستێن بۆ تین و گوڕ بەخشین بە پەیوەندییەکانی تاران و قەتەر خۆش دەکات
وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر پێی داگرت: دیدارەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لەگەڵ میری قەتەر بەستێن بۆ تین و گوڕ بەخشین بە پەیوەندییەکانی تاران و قەتەر خۆش دەکات.
«خسەیت ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ھاوڕێی «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامییە لە قەتەردا، ڕۆژی سێ شەممە لە دیدار لەگەڵ «موحەممەد بن عەبدۆڕەحمان ئالی سانی» وەزیری دەرەوەی قەتەر، دوایین گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندیی نێوان ھەردووک وڵات لە بواری جۆربەجۆری سیاسی، ئابووری و بابەتگەلی پەیوەست بە ئێرانییەکانی دانیشتووی قەتەریان لێک دایەوە.
«ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» لەم دیدارەدا وێڕای ڕێزگرتن لە میوانداریی دەوڵەتی قەتەر لە سەرۆک کۆمارو شاندەکەی یاوەری و ھەروەھا بەرپاکردنی سەرکەوتووانەی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئۆپێکی گازی، ئاماژەی کردە بارستاییەکانی پەیوەست بە بواری ھاوکاریی دوو وڵات لە بەشەکانی ئابووری و بازرگانی و گەشتەکەی «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» بۆ قەتەرو دیدارو وتووێژە گرینگەکانی لەگەڵ میری قەتەری بە بوارخۆشکەری تین و گوڕ بەخشین بە پەیوەندییەکانی دوو وڵات زانی.
وەزیری دەرەوەی قەتەریش لەم دیدارەدا جەختی لە گرینگایەتیی بیروڕا گۆڕینەوەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی و میری قەتەر کردەوەو لە سەر پێویستیی ڕاپەڕێندرانی بڕیارەکانی کاربەدەستانی باڵای دوو وڵات پێی داگرت.
وەزیرانی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و قەتەر لەم دیدارەدا ھەروەھا تیشکیان خستە سەر گۆڕانکارییە گرینگەکانی پەیوەست بە دانوستانی ڤییەناو ھەروەھا لە مەڕ پرسگەلی ناوچەیی لەوانە پرسی ھاوپەیوەند بە ئەفغانستان و یەمەن بیروڕایان گۆڕییەوە.