نیسان 06, 2022 19:51 Asia/Tehran
  • قاڵیباف: با تاوانکارییەکەی مەشھەد یەکگرتوویی ئوممەتی ئیسلامی نەخەوشێنێت

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی تاوانەکەی نێو گڵکۆی ڕەزەوی وتیشی: گەل دەبێ وریا بێت ھەتا ئەم ھەنگاوە تێکدەرانەیە قەت شوێن لە سەر یەکگرتوویی ئوممەتی ئیسلامی دانەنێت.

ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە کەسێکی تەکفیری لە حاسەی پێغەمبەری ئەعزەم(ص)ی گڵکۆی ئیمامی ڕەزا(ع) لە مەشھەدی پیرۆز  بە چەقۆ ھێرشی کردە سەر سێ مامۆستای ئایینیی زیارەتکار کە لە ئەنجام دا  یەک کەسیان لەبەر خەست بوونی برینەکەی ھەر لە شوێنی ڕووداوەکە شەھیدو دوو کەسەکەی دیکەش بریندار بوون و گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە.

ھێرشبەرەکەش بە یارمەتیی ھێزی پۆلیس و یەکەی پاراستن قۆڵبەست کراوەو لە ئێستادا سپێردراوە بە بەرپرسانی ئیتیلاعات و ئاسایشتی وڵات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، موحەممەد باقڕ قاڵیباف سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی ئاشکرای ڕۆژی چوارشەممەی مەجلیس دا وتی: دەبێ وریابین دوژمنانی ئەم وڵاتەو ھەلپەرستان نەتوانن لە ئاوا تاوانگەلێک بۆ تێکدانی دۆستایەتی و برایەتیی نێوان گەلان کەڵک وەربگرن.

قالیباف بە دەربڕینی ئەمەی کە زۆرێک لە برایانی ئەفغانی لە ئاراستەی بەرەڤانی کردن لە ئێران لە سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆز ئامادەی مەیدانی شەڕ بوون، وتیشی: برایانی ئەفغانیمان لە بەرەڤانیی پیرۆزدا بەبێ ھیچ بەرامبەرێک جەنگین و بەرەڤانییان کردو شەھید بوون و بریندار کران.

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامی جەختی لەوەش کردەوە کە نابێ ئاوا ھەنگاوگەلێکی تێکدەرانە یەکگرتوویی ئوممەتی ئیسلامی و سەربەرزیی موسڵمانان و مەزنایەتی و زیندووبوونی پترلە ڕابردووی ئیسلام بخەوشێنێ. 

سەرپەیڤ