وەزیری دەرەوەی ئێران: بە ھیواین لە داھاتوودا ھاتوچۆی شارومەندانی ھەردووک وڵات لە ڕێگای سنووری زەوینییەوە پەرە بستێنێ
ئەمیر عەبدوڵڵاھییان وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ «فۆئاد حسەین» وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق پێی داگرت: بە ھیواین لە داھاتوودا ھاتوچۆی شارومەندانی ھەردووک وڵاتی ئێران و عێراق لە ڕێگای سنووری زەوینییەوە پەرە بستێنێ.
«حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ «فۆئاد حسەین» وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق لە تاراندا وتی: ھێندێک ڕێککەوتن کراوە بۆ ئازادکرانی ئەو سەرمایەو پارەگەلەی ئێران کە لای بانکێکی بیانییەو لەم دواییەش دا شاندێک لە لایەن وڵاتێکەوە بۆ پێ و شوێنگرتنی قۆناغەکانی ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنەکە سەردانی تارانیان کردو دانوستانێکیش کراو لە بارەی کات و چۆنیەتیی ئازادکرانی ئەو پارەو سەرمایەگەلەش ڕێککەوتنێکی سەرەتایی ئەنجامی گرت.
سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە پەیوەندیی نێوان ئێران و عێراق، لە سەر گرینگایەتیی ھەڵوەشانەوەی ڤیزە لە نێوان ھەردووک وڵات پێی داگرت و ھیواداریی دەربڕی کە لە داھاتوویەکی نزیک دا بە سەرنجدانی دوورکەوتنەوەی ھەردووک وڵاتەکە لە قەیران و دۆخی نالەباری ڤایرۆسی کۆرۆنا، بتوانن ھاتوچۆی شارومەندانی خۆیان لە ڕێگای سنووری زەوینیەوە پەرە پێ بدەن.
«فۆئاد حسەین» وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراقیش لەم پرێس کۆنفرانسە ھاوبەشەدا بە دەربڕینی ئەمەی کە ئاسایشتی ئێران و عێراق پەیوەستە بە یەکەوە، وتیشی: برایانی ئێرانی ھێندێک سکاڵایان ھەیە لە بارەی بڕێک بابەتی ئاسایشتییەوەو دەبێ ڕاشکاوانە لەم بارەیەوە قسە بکرێت و ئەم کێشانە لە ڕێگای دیپلۆماسی و وتووێژەوە چارەسەر بکرێت.
وەزیری دەرەوەی عێراقیش لە بارەی وتووێژەکانی ئێران و عێراق و عەرەبستانیش ھیواداریی دەربڕی کە لە وتووێژە داخراوو نھێنییەکانی ئێران و عەرەبستانەوە بگەن بە وتووێژی ئاشکراو ڕوون.