ئەمیرعەبدوڵڵاهیان: ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە
حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ڕێگای ژمارێک لە وەزیرانی دەرەوە و ڕێکخەر بەردەوامە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە دیدارێکدا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە نیویۆرک، سەبارەت بە ڕەوتی دانوستانە ئەتۆمیەکان وتی: ئاڵوگۆڕی پەیام نێوان ئەمریکا و ئێران لە ڕێگەی هەندێک لە وەزیران و ڕێکخەرانی دەرەوە بەردەوامە. ڕاشیگەیاند: ئێران بە گرتنەبەری رێبازێکی لۆژیکی رێگای دیپلۆماسی پەیڕەو دەکات و پێداگری دەکات لەسەر رێککەوتنێکی سەقامگیر کە گەرەنتی سوودە ئابوورییەکانی بکات.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بە ڕەتکردنەوەی هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری سوریا و ڕێوشوێنی ناسەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، ئاماژەی بەوەدا: هاوکاریی هاوبەشی هەردوو وڵات لە ساڵانی ڕابردوودا بە ئاراستەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و لە هەمان کاتدا بە کەڵک وەرگرتن لە رێکاری وڵاتانی گەرەنتیکەر لە پرۆسەی ئاستانە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی خێراتری ئاشتی و ئارامی بۆ سوریا.