تشرینی یه‌که‌م 13, 2022 16:54 Asia/Tehran
  • ڕەییسی : جیهانی ئەمڕۆ  زیاتر لە جاران پێویستی بە ڕۆڵگێڕانی کاریگەری میکانیزمە ناوچەییەکان هەیە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە شەشەمین لوتکەی «سیکا» جەختی کردەوە: جیهانی ئەمڕۆ زیاتر لە جاران پێویستی بە ڕۆڵگێڕانی کاریگەری میکانیزمە ناوچەییەکانە.

شەشەمین لوتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئه‌ندامی کۆنفرانسی ھەوڵ و ھەنگاوی متمانەچێکەر لە ئاسیا (SICA) ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری ئاستانەی پێتەختی کازاخستان بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی دەستی پێ کرد.

یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی شەشەمین لوتکەی «سیکا» پرسی پێداچوونەوەو پەسەندکردنی بەرزکردنەوەی ئاستی داڕشتەکەی و لە کۆنفرانسێکەوە بۆ ڕێکخراوێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران، «سەیید ئیبراهیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ لە شەشەمین لوتکەی وڵاتانی ئەندامی کۆنفرانسی "سیکا" لە ئاستانە ڕایگەیاند: پرۆسەی گۆڕانکاری و پەڕینەوە لە سیستمی نێودەوڵەتیدا گەیشتووەتە قۆناغێکی تایبەت و لە دابەشکردنەوەی نوێی دەسەڵات، ڕوانگەی پاوانخوازانە ڕەت کراوەیەو دەنگ و ڕۆڵی وڵاتانی سەربەخۆ زیاتر دەبیسترێت و دەبینرێت.

ڕەییسی لە درێژەدا وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ھەبوونی مێژوویەکی شارستانی و کلتورێکی دەوڵەمەند، سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەسەر بنەمای واتا بەرزە ئیلاهی و مرۆڤییە دادپەروەرانەکان، مەعنەوییەت، ژیرایەتی، ئاکار، ئازادی و سەربەخۆیی، کە ھەر ھەمووشی، دەستەبەری ئاسودەیی و سەربەرزیی گەلان دەکات، داڕشتووە.

سه‌رۆک کۆمار هه‌روه‌ها وتیشی: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتووانە له‌ دژی تیرۆر، توندڕه‌وی، هاریکاریی به‌رده‌وامی په‌نابه‌ران و کۆچبه‌رانی ئه‌فغانستان، به‌رگری له‌ گه‌لانی چه‌وساوە ھەر له‌ فه‌له‌ستینه‌وه‌ بگرە ھەتا یه‌مه‌ن، پاڵپشتی کردنی سه‌روه‌ریی نیشتیمانی و یه‌کپارچه‌یی خاکی وڵاتان له‌وانه‌ له‌ عێراق و سووریا، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کلایه‌نه‌خوازی و هه‌ژموون بە ھەموو جۆرەکانیەوەو یارمەتی دانی دراوسێکان لە ڕۆژە سەختەکاندا ڕێگای دەسەڵاتداری و ستراتیژیای بەردەوامی ئێران بووە.

ڕەییسی ئاماژەی بەوەش دا: لێکنزیکبوونەوە و ئاسایشت لە ئاسیا لەگەڵ بەرژەوەندیی وڵاتانی پاوانخوازدا یەک ناگرێتەوە.

سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوەش کردەوە: نەتەوەی ئێران کە ڕێگای سەربەخۆیی و پێشکەوتنی هەڵبژاردووە ڕووبەڕووی دژایەتی ملهوڕەکان بووەتەوە.

ڕەییسی وتی: نەتەوەی ئێران بژاردەی سەربازیی ئەمریکای پووچەڵ کردووەتەوە و وەک خۆیان دانیان پێدا ناوە، سیاسەتی گەمارۆ و ئەوپەڕی گوشاریان شکستێکی سەرشۆڕانەی ھێناوە.

سه‌رۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگه‌یاند: ئه‌مریکا و ڕژێمی زایۆنی بۆ ده‌یان ساڵه‌ له‌ ڕێگای ده‌ستدرێژی، داگیرکاری، ئاپارتاید، کوشتنی منداڵان و خه‌ڵکی سڤیل له‌ فه‌له‌ستین، سووریا، عێراق، یه‌مه‌ن و ئه‌فغانستان، بوونه‌ته‌ هۆی نائارامی، توندوتیژی، تیرۆر، جه‌نگ و دڵه‌ڕاوکێ له‌ ناوچه‌که‌دا. بەڵام ھیچ ڕێگایەک بێجگە لە کۆتایی هاتنی داگیرکاری و کڕنۆش بردن لە بەردەم دەنگدان و مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان لە ئارادا نییە.

سەرپەیڤ