ڕەتکرانەوەی ناردرانی چەک لە ئێرانەوە بەرەو ڕووسیا بۆ شەڕی دژی ئۆکرانیا
نوورنیوز میدیای نزیک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی،لە توییتێکدا جەختی لە کۆتایی هێنان بە گەمارۆی چەک لەسەر ئێران کردووەتەوەو نووسیویەتی، تاران ھەتا ئێستا هیچ چەکێکی بۆ ڕووسیا نەناردووە ھەتا لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکاری بهێنێت.
«جۆزیپ بۆرڵ» بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا و وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، دانیمارک، نەمسا و ئۆکرانیا، لە لێدوانی جۆربەجۆردا، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە گوایە ڕووسیا لە هێرشەکەی سەر کییەف دا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیی بەکارهێناوە و هەڕەشەی ئەوەشیان کردبوو کە ئەگەر بێت و وەھا شتێک ڕاست بێت بایکۆتی زیاتر بە سەر ئێراندا دەسەپێنن.
"نوور نیوز" کە میدیایەکی نزیک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی دووشەممە لە توییتێکدا نووسیویەتی: فەرەنسا بە بانگەشەی رۆڵی ئێران لە شەڕی ئۆکرانیا و بەستنەوەی بەپێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ لە پرسی دانوستانەکان دا ئێران وەک خەتابار بناسێنێ، لە کاتێکدا کە ئێران هیچ جۆرە چەک و چۆڵێکی بۆ ڕووسیا نەناردووە ھەتا لە شەڕی ئۆکرانیا بەکاری بهێنێت، جگە لەوەش گەمارۆی چەکەمەنیی ئێران بە پێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ ەوە کۆتایی پێ هاتووە.
لەو وتووێژانەی کە «حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهییان» وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ کاربەدەستانی ئەورووپی ئەنجامی دابوو، ڕوانگەکانی ئێرانیان بە ڕوونی بۆ ڕوونکرابووەوەو ئەگەر ئەوروپییەکان بڕیاری سەپاندنی سزای نوێ بدەن، ئەو ھەنگاوەیان ناکاریگەرو نالۆژیکانە دەبێت و ئاساییە کە ئێران ھەرچۆن کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕەفتارە ئەرێنی و بنیاتنەرەکان دەبێت، بەرامبەر بە ڕەفتاری نەرێنی و نابنیاتنەریش کاردانەوەی دەبێت و بە هیچ شێوەیەک لەمەڕ بە بەرژەوەندییەکانی ئێران نەرم و نیانی و یان خەمساردی نانوێنێ.