تشرینی دووه‌م 01, 2022 21:30 Asia/Tehran
  • نەورۆزی: هاوکاریی میدیایی ئێران و ڕووسیا پێویستە

یاریدەری سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران بۆ بەشی دەرەوەی سنوور، لە دیدار لەگەڵ بەڕێوەبەری هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی «سپۆتنیک»ی ڕووسیا، هاوکاریی میدیایی نێوان ھەردووک وڵاتی بە پێویست زانی.

«ڤاسیلی پوشکۆڤ» بەڕێوەبەری هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی سپۆتنیکی ڕووسیا کە لە ئێستادا سەردانی تارانی کردووە؛ چاوی بە یاریدەری سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران بۆ بەشی دەرەوەی سنوور کەوت و لەپاشان  ئێران پرێس، پرێس تیڤی، هیسپان تیڤی و کەناڵی ئەلعالەمی بەسەر کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی ڕادیۆو تەلەفزیۆن،«ئەحمەد نەورۆزی» یاریدەری سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی دەرەوەی سنوور، وێڕای پێداگرتن لە سەر پێویستیی هاوکاری دوو لایەنە، وتیشی: ئەم دیدارە هەنگاوێکی دیکەی دڵخۆشکەرە کە ڕووسیا و ئێران لە ڕووی کولتوورییەوە لە یەکتر نزیک دەکاتەوە.

«نەورۆزی» سنووردارکردنی میدیایی لە ڕووسیا لە دوای شەڕی ئۆکرانیای بە ڕووداوێکی ئاشنا بۆ ڕێکخراوی ڕادیۆوتەلەفزیۆنی ئێران ناوبرد و وتیشی: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەژموونییە پێویستە ڕوو لە پلاتفۆرم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ھاوبەشەکان بکەین و دوور لە ڕێکخستنی میدیایی لەلایەن ناتۆوە، ھەلی ڕێکخستن بۆ وڵاتانی سەربەخۆش بڕەخسێنین.

یاریدەری سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی دەرەوەی سنوور،

 دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان ئێران و ڕووسیای لە کەشی  ڕاگەیاندن دا بە ڕێگایەکی دیکەی دەربازبوون لەو سنووردارکردنانە زانی و جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە لە ڕێبازی میدیایی خۆماندا سوورین لە سەر دوژمنایەتی کردنی ئەمریکا و ناتۆ ، چونکە ئەوانە وێنەیەکی بەراوەژوو لە بارەی ئێران و ڕووسیا لە جیهاندا پیشان دەدەن.

«نەورۆزی» هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی ئاڵوگۆڕی میدیایی و هاوکاریی نزیک و کاریگەر لە ڕوانگەی میدیای نێودەوڵەتیی کرد، جەختی لە پێویستیی پێکھاتنی بەرەیەکی هاوبەش لە دژی میدیاکانی ڕۆژئاواو ناتۆ و ھێزمەندکردنی ھەرچی زیاتری ئەو پەیوەندییانە کردەوە لەم بوارەدا.

«ڤاسیلی پوشکۆڤ» بەڕێوەبەری هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی سپۆتنیکی ڕووسیاش ھەر لە دیدارەکەدا، وێڕای پێشوازی کردن لە ھاوکاریی میدیایی ئەم ھەواڵدەرییە لەگەڵ ڕێکخراوەی ڕادیۆوتەلەفزیۆنی ئێران، ھیواداریی دەربڕی کە، دیدارەکەی کەشێکی تازە لە ڕووی ھاوکاریی میدیایەوە بڕەخسێنێت.

سەرپەیڤ