تشرینی دووه‌م 04, 2022 14:29 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: هیچ هاوکێشەیەک بەبێ بۆچوونی ڕەزامەندانەی ئێران لە ناوچەکەدا سەرناگرێت

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی به ئاماژه بەمەی که نەتەوەی گەورەی ئێران به شۆڕشه شکۆمەندەکەی خەباتی دژی چەوساندنەوەو کۆلۆنیالیزمی خستووەتە بەرنامەی خۆیەوە وتیشی: هیچ هاوکێشەیەک بەبێ بۆچوونی ڕەزامەندانەی ئێران لە ناوچەکەدا سەرناگرێت.

ئەمڕۆ هەینی، ڕێکەوتی١٣ی خەزەڵوەر(٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) ڕۆژی نیشتیمانیی «خەباتی دژی ئیستکباری جیهانی»ـە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دا.

لەم پێوەندییەدا و بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)؛ سەیید ئیبراهیم ڕەییسی، سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ، ئەمڕۆ هەینی، لە کۆبوونەوەی گەورەی جەماوەریی ڕۆژی نیشتیمانیی بەرەنگاربوونەوەی ئیستکبار لە تاران بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەمڕۆ ھێمای ئیستیکبار ئەو نیزامە پاوانخوازەیە کە بە سەر ئەمریکادا زاڵە، وتیشی: ئەمڕۆ ئەمریکا باش دەزانێت ئێران له ناوچەکەدا کاریگەریی هەیەو هیچ هاوکێشەیەک بەبێ بۆچوونی ڕەزامەندانەی ئێران لە ناوچەکەدا سەرناگرێت.

ڕەییسی بە وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕاستییەی کە ئێرانی ئیسلامی بۆ پاراستنی ناوچەکە لە دەستنباکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا جوڵاوەتەوەو سەرداری شەھید«حاج قاسم سولەیمانی» بووەتە ھێمای خەباتی دژی تیرۆر لە جیهاندا، ڕاشیگەیاند:ئەوەی وا به ناوی ئازادییەوە به سەر خەڵکی ئەفغانستان و سوریا و عێراق و ناوچەکە و جیهانتان هێناوه به بەرچاومانەوەیەو ھەل و مەرجی ئەو وڵاتانە دەبینین کە ئێوە چلۆن بە ناوی ئازادی و خەباتی دژی تیرۆریزمەوە نەتەوەکان یەخسیر دەکەن، بەڵام با بزانن ئەو ڕەچەتەیەی کە بۆ ھێندێک  وڵاتی وەک لیبی و سووریاتان ئامادە کردووە، ناتوانن بۆ ئێرانیشی ئامادە کەن.

سەرۆکی کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئاماژەی کردە ئەمەش که ئەمریکا له شەڕو خوێن ڕشتندا ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕێت و بۆ دابین کردنی بەرژەوەندیی خۆی گەلان له نێو دەبات، تیشکی خستەسەر وتەکانی «جۆ بایدێن» لە مەڕ داکۆکیی لە ئاژاوەکان و وتیشی: سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە کە ئامانجمان ڕزگارکردنی ئێرانە، بەڵام خۆ ئێران 43 ساڵ لەمەوبەر ئازاد کراوەو تازە یەخسیری ئێوە نابێتەوەو ئێمە قەت نابینە مانگایەکی شیردەر بۆ ئێوە.

ڕەییسی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ورەی ئیستیکباری پاوانخوازی نایەوێت خۆی لەگەڵ قسەو دەنگی خەڵکدا ڕێک بخات، ھێندێک لە پێشکەوتنەکانی ئێران لە بواری بەرھەمھێنانی داوودەرمان، پێکوتە و پیشەی گەردونگەڕیی ڕوون کردەوەو پێشی داگرت: لاوانی ئێران قسەی یەکەم لە ئاستی ناوچەکەو جیھاندا دەکەن و بە ھەڕەشەو بایکۆت شەمەندەفەری گەشە لە ئێراندا خاو نابێتەوە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلام جەختی کرد: دەسەڵاتی ئێران تەنیا له موشەک و دەسەڵاتی سەربازی دا نییه ، دەسەڵاتی ئێمه به ئامادەبوونی ملیۆنیی جەماوەری ئێرانە لە خەزەڵوەردا له سەرتاسەری وڵاتی ئیسلامیماندا .

سەرپەیڤ