ئیمام جومعەی سنە: ئەمریکا دڵسۆزو لایەنگری نەتەوەکان نییە
ئیمام جومعەی سنە:ئەمریکا هەرگیز لایەنگری هیچ وڵات و نەتەوەیەک نەبووە و تاکە ئامانجی دەست درێژکردن و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی وڵاتانی ئیسلامییەو ئەمڕۆکە خەڵکی کوردستان بە باشی لەمە تێگەییشتوون و بەبەشداریی بەربڵاویان لە نەریتی ١٣ی خەزەڵوەر، بێزاریی خۆیانیان بەرامبەر بە ئەمریکا پیشان دا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیرنا، مامۆستا «فایەق ڕۆستەمی»، لە وتاری نوێژی هەینیی شاری سنە، وێڕای بەرز نرخاندنی بەشداریی بە جۆش و خرۆشی خەڵکی شاری سنە لە ڕێپێوانی ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەر، وتی: ١٣ی خەزەڵوەر وەبیرهێنانەوەی هەڵوێستی خوێندکاران لەدژی ستەم و هێمای دژەئیستیکباریی نەتەوەی ئێرانە.
جەختیشی کردەوە: دەبێ بە هاودڵیی نێوان خەڵک و بەرپرسان ببینە ھۆی پێشکەوتنی وڵات لە هەموو بوارەکانی ئابووری، فەرهەنگی و سەربازیدا ، وەک چۆن لە ئێستادا ئێرانی ئیسلامی یەکێکە لە وڵاتانی ھێزمەندو دەستەڵاتداری جیهان.
ئیمام جومعەی شاری سنە وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە، ئاسایش هێڵی سووری خەڵکی کوردستانە، وتیشی: خەڵکی ئەم پارێزگایە لە ڕۆژانی سەرەتای شۆڕش و سەردەمی بەرگریی پیرۆزدا ئەزموونێکی تفت و تاڵیان لە ڕووی نەبوونی ئاسایشتەوە هەبووە و گیرۆدەی خراپترین بارودۆخ بوون، بۆیە ئەمڕۆ بۆ پاراستنی ئاسایش ڕێگای ھێرش و دەستدرێژی بەکەس نادەن.
ئیمام جومعە سنە لە درێژەدا ئاماژەی بە ئاژاوەکانی ئەم دواییە کرد و وتیشی: خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان هەرگیز بەدوای نائەمنیدا ناگەڕێن و ئەو خوێنانەش کەلە وڵات دا دەڕژێن بۆ هەموو لایەک جێگەی پەژارەو نیگەرانییە.
مامۆستا ڕۆستەمی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: خەڵک لە کێشەو گرفتەکان ناڕازین و بەرپرسان دەبێ بە پەیڕەوکردنی فەرمانەکانی ڕابەری شۆڕش ڕێگا بۆ چارەسەر بوونی گرفتەکان خۆش کەن.