ئیمام جومعەی مەهاباد: گەشەکردن و پێشکەوتن لە سایەی ئاسایشت دا بەدی دێت
مامۆستا ئیمامی ئیمام جومعەی مەهاباد: ئەگەر وڵاتانی ئیسلامی لە پێناوی خودادا یەکبگرن و بە فێڵی ئیستیکباری جیھانی و زلهێزەکانی تری ڕۆژئاوا نەخەڵەتێن، دوژمنان ناتوانن بەسەریاندا زاڵ ببن و ئاسوودەیی و ئاسایشتیان بە تاڵان ببەن.
بە پێی ڕاپۆرتی پەیامنێری ئیرنا، مامۆستا «عەبدولسەلام ئیمامی» لە وتاری نوێژی هەینیی ئەم حەوتەیەی شاری مەهاباد وتی: هەموومان دەبێ سوپاسبێژی نیعمەتی ئاسایش لە کۆمەڵگادا بین. چونکو لە سای ئاسایشت دایە کە بازاڕی و کاسبکار بە بێ ھیچ گرفتێک خەریکی کاروکاسبیی خۆی دەبێت و چینە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگا بە بێ گرفت لە سەر کاروباری خۆیان بەردەوام دەبن.
بەڕێزی بە ئاماژە بەوەی کە ئاسایشت پێویستمەندی ھەبوونی دادپەروەرییە لە کۆمەڵگادا وتیشی: ئاسایش لەو نیعمەتانەیە کەھەتا لە کیسی نەدەین قەدری نازانین و ئەگەر ئەم نیعمەتە لەدەست بچێت زۆر ئەستەمە قەرەبوو بکرێتەوەو دامەزراندنەوەی دژوارەو تێچوویەکی زۆر ھەڵدەگرێ.
ئیمامی جومعە مەهاباد لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی نوێژی هەینیدا، بە ئاماژەدان بە دەستوەردانی ئیستیکبار لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی ئیسلامی، وتی: ھەتا چەند ساڵێک لەمەوبەر سوریا و لوبنان لە ڕیزی وڵاتانی ئاوەدان و پیشەسازیی ناوچەکە بوون، بەڵام ئیستیکباری جیهانی بە پیلانگێڕان و دروستکردنی ئاژاوەی تیایاندا بووە هۆی لەنێو بردنی ئاسایش و ئارامش لەم وڵاتانە.
مامۆستا ئیمامی جەختی لەوەش کردەوە کە،ئەگەر وڵاتانی ئیسلامی لە پێناوی خودادا یەکبگرن و بە فێڵی ئیستیکباری جیھانی و زلهێزەکانی تری ڕۆژئاوا نەخەڵەتێن، دوژمنان ناتوانن بەسەریاندا زاڵ ببن و ئاسوودەیی و ئاسایشتیان بە تاڵان ببەن.