وەزیری بەرگریی ئێران: ئۆکرانیا بەڵگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن ڕووسیا نەخستەڕوو
وەزیری بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەبارەت بە کۆبوونەوەی شارەزایانی ئێران و ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لایەنی ئۆکراینی هیچ بەڵگەیەکی سەبارەت بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن ڕووسیا لە کۆبوونەوەی تەکنیکی دا نەخستەڕوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەمیری سەرتیپ «محەممەد ڕەزا ئاشتیانی»، وەزیری بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە ڕوونکردنەوەی دیداری کارناسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەی تەکنیکیدا،جەختی لەوە کردەوە کە لایەنی ئۆکراینی هیچ بەڵگەیەکی سەبارەت بە بەکارهێنرانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن ڕووسیاوە لە شەڕی دژی ئەو وڵاتە ئاراستە نەکردو بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو دواخرا.
سەرتیپ ئاشتیانی وتیشی: بێگومان ئەم بابەتە گرنگ نییە و ناتوانرێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت چونکە زۆرێک لە گفتوگۆکان لەسەر بنەمای لێدوان و دەنگۆی بێ بنەمایە.
وەزیری بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەوەشی ڕاگەیاند کە،هاوکاریی سەربازیی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕوسیا لەمێژە بوونی هەیە، بەڵام هاوکاری بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە شەڕی ئۆکرانیادا پێکنەهاتووە.
دوابەدوای بانگەشەی بەکارهێنرانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە شەڕی ئۆکرانیا، ئێران داوای کۆبوونەوەی هاوبەشی شارەزایانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەو بانگەشانە.