شوبات 03, 2023 22:23 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی : گولیلکە خۆشەویستەکان، کارێک بکەن کە بچنە ڕیزی ئافرەتە مەزنەکانی وڵاتەوە

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە ڕێوڕەسمی مەعنەوی و گەشاوەی «کۆڕەجەژنی فریشتەکان» بە ئامادەبوونی کچانی قوتابی جەختی کرد: گولیلکە خۆشەویستەکان دۆستایەتیی خودا بکەن و کارێک بکەن کە بچنە ڕیزی ئافرەتە مەزنەکانی وڵاتەوە.

لە شەوی لەدایک بوونی ئەمیری موئمینان ئیمامی عەلی(ع) ڕێوڕەسمی مەعنەوی و گەشاوەی «کۆڕەجەژنی فریشتەکان» بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە کچانی قوتابیی تازە پێگەیشتوو، بە بەرپاکرانی نوێژی جەماعەتی مەغریب و عیشا بە بەرنوێژیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی  ئیسلامی لە حوسێنییەی ئیمام خومەینی (ڕە) بەڕێوەچوو.

لەم مەراسیمەدا کە لە کەشێکی مەعنەوی و دڵخۆشکەردا بەڕێوەچوو، کچە قوتابییەکان بۆ گەییشتنی ھەڕەتی پێگەییشتن و عیبادەت و بەندایەتیی خۆیان ئاهەنگیان گێڕا.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، لە وتارێکی کورتدا، گەییشتنی جەژنی لە دایک بوونی ئیمامی عەلی(ع) و پێگەییشتنی کچە قوتابییەکانی لێ پیرۆز کردن کردن و وتی: نوێ گوڵە ئازیزەکان و کچەخۆشەویستەکانم، جەژنی پێگەییشتن جەژنێکی ڕاستەقینەیە چونکو لە ڕووی ئەرک و تەکلیفەوە بەو ئاستە گەییشتوون کە خودا لەگەڵتاندا قسە بکات و ئەرکێکتان پێ بسپێرێت کە بەجێی بێنن و ئەم پلەیەش مانای وایە کە دەبنە بەردەنگی خودا کە دیارە پلەیەکی ھەرە بەرزو بایەخمەندە لە ڕووی مرۆڤییەوە.

بەڕێزی ڕوو لە کچان وتیشی: جەژنی تەکلیف و پێگەییشتن بەو مانایەیە کە چیتر منداڵ نین، بەڵکو تازەلاون و دەبێ بەرپرسایەتی قبوڵ کەن و دەتوانن لە نێو بنەماڵەو قوتابخانەو شوێنی یاری کردن دا شوێن دانەر بن و خەڵکانی دیکەش بۆ ڕێگای ڕاست بانگێشتن بکەن و ئەمەش ھەمان ئەرکە کە لە سەر شانی ھەموومانە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئامۆژگاریی کچانی تازەلاوی کرد کە دۆستایەتی لەگەڵ خودای میهرەبان بکەن و وتیشی: هەر لەم ڕۆژەوە دەتوانن بە دڵە گەشاوە و ڕوون و پاکەکانتان هاوڕێیەتی خودا بکەن.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی هەروەها جەختی لەوە کردەوە: یەکێک لە ڕێگاکانی دۆستایەتی کردنی خودا ئەوەیە کە لە نوێژدا ئاگادار بن قسە لەگەڵ خودا دەکەن، بۆیە فێری مانا و وەرگێڕاوەی وشەکانی نوێژ ببن، ڕێگایەکی تری دۆستایەتی کردنی خودا ئەوەیە کە ئەوەی پێی وتوون بیکەن و ئەوەی لێی قەدەغەی کردوون مەیکەن.

بەڕێزی بە ئاماژەدان بە درەوشانەوەی ئافرەتانی گەورە و کاریگەر لە مێژووی ئێرانی ئازیزدا ، وتیشی: ئەمڕۆکە ئافرەتانی ھەڵکەوتەو ئەرکناسی ئێمە لە کەرتەکانی زانستی، کردەیی و جیهاددا ئافرەتانی  هەڵکەوتەو جێی شانازیی زۆرمان ھەن، ئینجا ئێوەش ھەوڵ بدەن بە وانەو خوێندنەوەی کتێب،کارکردن و بیرکردنەوە، لە داهاتوودا بچنە ڕیزی ئافرەتانی مەزنی نیشتیمانە خۆشەویستەکەتان.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕوولە نۆێ گوڵە تازە پێگەییشتووەکاندا وتیشی: ئێوە دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن لەم خەباتە مەزنەدا کە نەتەوەی ئێران ھەر لە سەردەمی شۆڕشەوە دژی چەوساندنەوە، نەهامەتی و هەڵاواردن دەستی پێکردووە، هەرچۆن لە ڕابردووش دا زۆرێک لە ژنان ڕۆڵی زۆریان گێڕاو ئەمڕۆکە خەڵک بە موتاڵاوخوێندنەوەی کارە قورس و گەورەکانیان کە لە کتێبەکاندا باسی کراوە، ئاگاداری زەحمەتە ناوازەکانیان بە درێژایی ساڵانی شۆڕش دەبنەوە.

لە کۆتایی ئەم ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەک کچی تازەلاو وتووێژێکی دۆستانەیان لەگەڵ ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی کرد و لەلایەن بەڕێزیانەوە ستایشیان کرا.

سەرپەیڤ