ڕابەری شۆڕش: ڕۆژئاواییەکان ھەر لە بنەڕەتدا دوژمنی مافی مرۆڤن
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ڕۆژئاواییەکان قەت بانگەشەی مافی مرۆڤیان لێ نایە،و وتیشی: ڕۆژئاواییەکان ھەر لە بنەڕەتدا دوژمنی مافی مرۆڤن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێرانپرێس بە گێڕانەوە لە بنکەی ڕاگەیاندنی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی شەوی ڕابردوو لە دیداری کۆمەڵێک لە مامۆستایانی زمان و ئەدەبی فارسی و شاعیرانی لاوو پێشەنگ لەگەڵ بەڕێزیاندا وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ڕۆژئاواییەکان قەت بانگەشەی مافی مرۆڤیان لێ نایە، وتیشی: ڕۆژئاواییەکان ھەر لە بنەڕەتدا دوژمنی مافی مرۆڤن. مافی مرۆڤی ئەوانەمان لەنێو داعشیەکان داو لە کاتی بە زیندوویی سوتاندن و یان لە ئاودا خنکاندنی مرۆڤەکان و یان پشتیوانی کردنیان لە مونافیقەکان و سەدام، یان لە تاوانەکانی دژی غەززە و فەلەستین بینیوە.
بەڕێزی پشتیوانیی ڕۆژئاوا لە تیرۆرکردن و کوشتنی گەنجانی بڕواداری لە شەقامەکانی تاران بە نمونەیەکی دیکەی بانگەشەی درۆی پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ ناوبرد و وتیشی: پاکترین گەنجەکانمان وەک «ئارمان عەلیوردی» و «ڕوحوڵڵا عەجەمیان» بە ئەشکەنجە و بە هاندان و ڕاهێنانی میدیایی ڕۆژئاواییەکان کوژران.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختی لەسەر پێویستیی ناسینی دوژمن و ئامانج و شێوازو ئامانجەکانی کردەوە و وتی: زانینی ڕەهەندەکانی شەڕی نەرم بۆ هەمووان پێویستە، بەڵام زۆر پێویست ترە بۆ چالاکانی فەرهەنگی و هونەری کە ھەم بۆخۆیان دۆش دانەمێنن و ھەم سەرنجی کەسانی دیکەش بەرەو ڕمبازێنەکانی دوژمن ڕابکێشن.
بەڕێزی بە خۆشحاڵی دەربڕین لە بوونی شاعیرانی دڵپاک و ئایینی و شۆڕشگێڕ لە وڵاتدا، وتیشی: ڕۆحی شاعیر ھەستیارو سۆزدارانەیە، بەڵام لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی پرسەکاندا، نابێت مرۆڤ لە ڕووی سۆزدارییەوە مامەڵە بکات، بەڵکو پێویستە بیر بکاتەوە و بە ناسینی دروستی دۆخەکە ئەرکی خۆی بە کەڵک وەرگرتن لە هونەر بەجێ بێنێ.
ڕابەری مەزنی شۆڕش بە ئاماژەدان بە پارێزرانی سەرمایەو جەوهەری شیعری فارسی، تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجی مێژوویی ئێرانیشدا، وەک سەردەمی ھێرش و لەشکرکێشان لەلایەن مەغۆلەکانەوە، ئاماژەی بەوەدا: بێگومان مەغۆلەکانی ئەمڕۆ، واتە ڕۆژئاواییەکان، سیماو ڕواڵەتێکی جیاوازیان هەیە کە جگە لە مێژووی ڕەشی تاوانەکانیان لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا، لە سەردەمی ئێستاش دا، بە تەیارکردنی سەگێکی هاری وەک سەدام بە هەموو جۆرە چەکێک، بە تایبەت چەکی کیمیایی، بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، یان دوای ئەوە، لە ڕێگەی گەمارۆکانەوە، خەریکی ڕمبازێنن.
بەڕێزی گەمارۆی دەرمانی و ڕێگریکردن لە گەیاندنی ڤاکسین بە بیانووی جۆراوجۆری بە وەک نمونەیەکی دیکەی هێرشەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئێران زانی و وتی: ئەگەر بتوانن کارێک بکەن بۆ بێبەشکردنی ئێرانی ئیسلامی و خەڵکەکەی لە خۆراکیش، ئەوا درێغی ناکەن.
ئایەتوڵڵا خامنەیی بەشێکی دیکەی لەشکرکێشانی هەمەچەشنەی ناحەزان بۆ ئێرانی بە لەشکرکێشانی میدیایی و بەکارهێنانی هەزاران میدیا بۆ پەرەپێدانی درۆ و دەنگۆ و بەلاڕێ دا بردن زانی و وتیشی: ئامانجی دوژمن لەم لەشکرکێشانە زەوتکردنی خاڵە بەهێزە فیکری و پەروەردەییەکان ولاوازکردنی ورەی سەربەخۆیی خوازی و خۆڕاگریی نەتەوەیی و یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئیسلامییە.
بەڕێزی لاوازکردنی دینداریی ژنانی وەک خاڵێکی دیکەی ئامانجی دژ بە ئێران زانی و بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی کاریگەری ژنان لە سەرخستنی شۆڕشی ئیسلامی و قۆناغەکانی دواتریش، وتیشی: ڕۆژئاواییەکان بەزەیییان بە ژنانی ئێرانی و ڕەچاوکرانی مافەکانیان نایەتەوە، بەڵکو ڕقیان لە ژنانی ئێرانە و بە درۆ خۆیان وەک لایەنگری ئازادی و مافی ئافرەتان دەناسێنن.