کانونی یه‌که‌م 13, 2023 14:15 Asia/Tehran

نوێنەری جەهادی ئیسلامیی فەلەستین لە ئێران وتی: ژمارێک ڕژێمی عەرەبی و ئیسلامی هیچ هەوڵ و تەقەلایەک نادەن بۆ سەرکەوتنی بزاڤی خۆڕاگری.

"ناسر ئەبووشەریف" نوێنەری جەهادی ئیسلامیی فەلەستین لە ئێران لە پرێس کۆنفرانسێکدا وتی: گەلی فەلەستین ئەوا زیاتر لە دوو مانگە شەڕ دەکات دژی دوژمنی جەنایەتکار. دوژمنێک کە بە پشتیوانی ڕۆژاوا هەموو چەشنە تاوانێکی سەربازی وەک کوشتن و ژینۆساید و کۆمەڵکوژیی دژی گەلی فەلەستین ئەنجام داوە و دەیدات. نوێنەری جەهادی ئیسلامیی فەلەستین لە ئێران ڕایگەیاند کە زایۆنییەکان پێویستیان بە دەسکاریکردنی ڕاستییەکان هەیە بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن، ئاماژەی بەوەش کرد: لە ٧ی ئۆکتۆبرەوە تا ئێستا، ٤ هەزار فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژاوا گیراون، تووشی هەموو جۆرە زوڵم و زۆرێک بوونە و هەموو جۆرە توندوتیژی و ئەشکەنجەیەکیان بەسەردا سەپێنراوە.

نوێنەری جەهادی ئیسلامیی فەلەستین لە ئێران بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە ٧ی ئۆکتۆبەر ڕژێمی زایۆنی شکستێکی قورسی بەسەرداسەپا و سیما و پێگەی تواو ورد و خاش بوو و داڕما، ڕاشکاوانە ڕاشیگەیاند: بەرەی خۆڕاگری لە کەرتی غەززە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا کە بۆ ڕژێمی زایۆنی و داکۆکیکارانی قبوڵکردن ودانپێدانانی دژوارە. نوێنەری جەهادی ئیسلامیی فەلەستین لە ئێران وتیشی: دوژمنان هێشتا لە شۆکی ٧ی ئۆکتۆبەردا ماوەتەوە و ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقسا جارێکی دیکە سەرنجی جیهانی بەرەولای فەلەستین ڕاکێشا؛ ڕوانگەی خەڵکی جیهان بەرامبەر بە وڵاتانی ڕۆژاوایی گۆڕاوە و بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمریکا تاوانبارە.

سەرپەیڤ