کەنعانی بیانووی ڕژێمی زایۆنی لە پەلاماردانی نەخۆشخانەی "ناسر"ی بە فریودەرانە زانی
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ستراتژیی دژەمرۆیی ڕژێمی زایۆنی لە غەززەی بە شکستهێناو زانی و بڕ و بیانووەکانی ئەم ڕژێمە بۆ پەلاماردانی نەخۆشخانەی "ناسر" لە خان یونسی بە فریودەرانە، کۆن و بەکەڵکنەهاتوو وەسف کرد.
ناسر کەنعانی ئێوارەی دووشەممە بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس سەبارەت بە پاساهێنانەوەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ پەلاماردانی نەخۆشخانەی "ناسر" لە خان یونس ڕاشکاوانە رایگەیاند: ئەوە یەکەم جار نییە کە هێزی سەربازیی ڕژێمی جەنایەتکاری ئیسراییل بە مەبەستی پەلاماردانی خەڵکی مەدەنی و تۆکمەکردنی پرۆژەی ژینۆسایدی خەڵکی فەلەستین، بڕ و بیانووی کۆن و بێبنەما دەکەنە هەوێنی دەسدرێژی کردنەسەر ناوەندە دەرمانییەکانی غەززە.
ناوبراو وتیشی: هێشتا بیر و ڕای گشتیی جیهان کارەساتی بەجێماو لە بانگەشە درۆینەکانی کاربەدەستانی زایۆنی سەبارەت بە نەخۆشخانەی "شیفا"یان لەبیر نەچۆتەوە کە زایۆنییەکان ئەم جارەیش دیسان هەر بەو بڕو و بیانوو فریدەرانەیە پەلاماری نەخۆشخانەی "ناسر" لە خان یونسیان داوە. کەنعانی لە درێژەدا وتیشی: ئەم ستراتژییە دژەمرۆییەی ڕژێمی جەنایەتکاری ئیسراییل لە ئاکامدا هەر تووشی شکست دەبێ و زنجیرەی کارەسات و ڕیسواییەکەی خۆی و پشتیوانەکانی هەر بەردەوامە.
وەزارەتی تەندرووستیی کەرتی غەززە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: دوابەدای هێرشی سەربازانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر بینای کۆنی نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس، ١٥٠ نەخۆش کەوتنە ڕەوشێکی نالەبارەوە و سوپای ڕژێمی داگیرکەریش نزیکەی ٧٠ فەرمانبەری نەخۆشخانەکەی قۆڵبەست کردووە.