درێژەی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژارانی سەرۆک کۆماریی ئێران
دوو بەربژاری قۆناخی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران لە رۆژی شەممەوە، بانگەشەو بەرنامەکانی هەڵبژاردنیی خۆیان دەسپێکردووەو هەوڵ دەدەن هەتا رۆژی هەینی دەنگی زیاتر بەدەست بێنن.
دوو بەربژاری دەرچوو بۆ قۆناخی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران، "مەسعود پزشکیان" و "سەعید جەلیلی" لە درێژەی ململانێی هەڵبژاردن و بانگەشەکان بەئامادەبوون لەنێو لایەنگرانیان و سەردانی شار و ناوچە جیاجیاکان، هەوڵ دەدەن، پلان و بەرنامەکانیان بۆ دەنگدەران شی بکەنەوە.
ئەو دوو بەربژارە، هەروەها ئەمشەو و سبەی شەو لە دوو دیبەیتی تەلەفزیۆنیدا بەشدار دەبن.
مەسعود پزشکیان و سەعید جەلیلی هەتا شەوی چوارشەممە مۆڵەتیان هەیە بانگەشەی هەڵبژاردنیان درێژە پێ بدەن و بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەوان رۆژی پینج شەممەی ئەم حەفتە ئیدی قەدەغە دەبێ و رۆژی هەینی ئەم هەفتەش خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران بەڕێوە دەچێ هەتا خەڵک، جێنشینی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرۆک کۆماری شەهیدی ئێران هەڵبژێرن . خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان هەینیی رابردوو بە بەشداریی چوار بەربژار بەڕێوەچوو و هیچکام لەوان لە قۆناخی یەکەمدا نەیانتوانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان بەدەست بێنن.