باقری: ئیسراییل خەریکە بەچۆکدا دێ یەکلایەنەخوازی لە جیهاندا لەمپەرە
بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ڕژێمی زایۆنی لە شەڕی دژ بە خۆڕاگریی ناوچەکەدا خەریکە بەچۆکدا دێت و شکست دێنێ.
"عەلی باقری کەنی" لە وتووێژ لەگەڵ گۆڤاری نیوزویک وتی: ڕژێمی زایۆنی زیاتر لە نۆ مانگە دژ بە خەڵکی غەززە جەنایەت، ژینۆساید و دەسدرێژی دەکات. یەکلایەنەخوازیی ئەمریکا نەک هەر لە دیتنەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم مەسەلە و کێشە جیهانییە هیچ دەسکەوتێکی نەبووە، بەڵکوو لەگەڵ ئەوەش بەردەوام چەک و کەرەستەی جەنگی ناردووە بۆ ئیسراییل تا ئەم جەنایەت و کوشت و کوشتارانە هەر بەردەوام بێ. "عەلی باقری" گەڵاڵەی ئاگربڕی حکومەتی جۆ بایدێنی سەرۆک کۆماری ئەمریکای بە باشترین ڕێگاچارە زانی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و وتی: ئەگەر زایۆنییەکان هەر سوورن لەسەر بەردەوام کردنی جەنایەت و کوشتارەکانیان، بێ گومان ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرپرسی دابین کردن و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانییە، دەبێ هەموو تواناکانی بێنێتە مەیدانەوە بۆ پێشگری لە بەردەوام بوونی جەنایەتەکانی زایۆنییەکان و قەڵاچۆ کرانی خەڵکی بێ تاوانی غەززە، بەتایبەت ژن و منداڵی بێ دەرەتان. باقری بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە لە حەوتی ئۆکتۆبر بە دواوە ڕووی داوە، وتی: ڕاستییەکەی ئەوەیە کە دوابەدوای حەوتی ئۆکتۆبر، هاوکێشەکان لە ناوچەکە بەسوودی خۆڕاگری بووە. زایۆنییەکان نەیانتوانیوە و ناشتوانن بە زەبری کوشت و کوشتار و جەنایەتی زۆرتر و قەڵاچۆ کردنی خەڵکی مەدەنی لە غەززە، ئەو هاوکێشانە بە سوودی ئیسراییل بگۆڕن.