وەزیری دەرەوەی ئێران: سەفەری پزشکیان بۆ عێراق پیشاندەری قووڵبوونی پێوەندیی برایانەی ئێران و عێراقە
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی؛ دیاری کرانی عێراق وەکوو یەکەم ئامانجی سەفەری دەرەوەی سەرۆکۆماری ئێران پیشاندەری قووڵبوونی پێوەندیی برایانەی نێوان دوو وڵاتە.
سەیدعەبباس عەراقچی" لەوتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی "الفرات"ی عێراق سەبارەت بە سەفەری مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ئەم وڵاتە وتیشی؛ تاران پێشوازی دەکات لە دەسپێشخەرییەکانی عێراق لە بواری نابژیوانی کردنی بۆ کەم کردنەوەی کێشە و ناکۆکی لە ناوچەکە و هەر لەم ئاراستەیەشدا ڕێز و سپاسی دەربڕیوە بەرامبەر بە میواندارێتیی ئەم وڵاتە لە پێنج خولی دانوستانی ئێران و عەرەبستان. وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی؛ تاران ڕازییە لە هەنگاوەکانی عێراق دژ بەو گرووپانەی لە خاکی ئەم وڵاتەوە پەلاماری ئێران دەدەن؛ هەروەها ئێمە بەردەوام لەگەڵ لایەنی عێراقی سەبارت بە باشتر جێبەجێکرانی ڕێککەوتننامەی ئاسایشی واژۆکراو لە ساڵی ٢٠٢١ لە وتووێژ و ڕاوێژداین. عەراقچی ڕاشکاوانە رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق لە ئاراستەیەکی درووستدا هەنگاو هەڵدەگرێ بۆ کۆنترۆڵ و چاودێری کردنی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تێکدەرەکان. وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کرد؛ تاران و بەغدا خوازیاری گەشانەوە و پێشکەوتن و بەهێزتر بوونی دووڵاتن و پشتیوانی دەکەن لە پرۆژە ئابوورییەکانی یەکتری. شایانی باسە مەسعوود پزشکیان سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەم سەفەری بۆ دەرەوەی وڵات وەکوو سەرۆک کۆمار، سبەی چوارشەممە سەردانی عێراق دەکات.