ئه‌یلوول 27, 2024 20:51 Asia/Tehran
  • دۆزرانەوەی بەردی کەونارایی

بەردەنووسراوەی کەونارایی کودورو یان بەردە مەرزی "مەردوک ئاپال ئایدین" بە مێژینەی زیاتر لە ٣٥٠٠ ساڵ لە کرماشان پەردەی لەسەرلادرا.

"محەممەد ئەمین میرباقری" کەوناراناس و توێژەر لە ڕێوڕەسمی پەردەلادران لەو بەردە کەوناراییە، وتی: بەردی کودورو یان بەردەمەرز، ئاسەوارێکی مێژوویی هەزارەی دووەمی بەرلە زایینە کە ساڵی١٣٤٥ لەباکوری سەرپێڵی زەهاوی کرماشان دۆزرایەوەو لە ساڵانی ڕابردوودا، لە مۆزەخانەی نیشتمانی ڕادەگیردرا.ناوبراو وتیشی: ئەو پارچە زەوییەی لە کودورودا ئاماژەی پێکراوە، ئەمڕۆکە لە دەڤەری شارەکانی حەمرین و خانەقین هەڵکەوتووەو هۆی ئەوەی کە بەردە مەرزەکەی لە سەرپێڵی زەهاو دۆزراوەتەوە، ئەوەیە کە یەکێ لە سەنەدەکانی ئەو سات و سەودایەیان هێناوەتە سەرپێڵی زەهاو هەتا لە پەرستگەی ئەو شارە گرینگە کەوناراییەدا ڕابگیردرێ . ناوبراو، سەرپێڵی زەهاوی وەک شارێکی کەونارایی زۆر گرینگ لە رابردوودا ناوبردو وتی: تائێستا ٢٥ شوێنەواری کەونارایی هی هەزارەی دووەمی بەر لە زایین لە سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان دۆزراونەتەوە.