تشرینی یه‌که‌م 22, 2024 20:38 Asia/Tehran
  • سەفەری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ڕووسیا

شازدەهەمین کۆبوونەوەی سەرۆکانی تاقمی بریکس لە ئەمڕۆوە لە شاری کازانی ڕووسیا دەستپێکراوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ درێژەی دەبێت. ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەیە دوای پەیوەست بوونی پێنج وڵاتی نوێ بە بریکس لە ساڵی دووهەزارو بیست و چوارەوە.

میدیاکانی ڕووس بە بڵاوکردنەوەی وێنەی هاتنی سەرۆکانی وڵاتانی جۆربەجۆر بۆ کازان، ڕایانگەیاندووە ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی سی و شەش وڵات بەڕێوە دەچێت کە لەم ژومارەیە بیست و دوو وڵات لە ئاستی سەرۆک کۆمار هاوڕێ لەگەڵ سەرۆکانی شەش ڕێکخراوی نێودەوڵەتی تێدا بەشدارن.

مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێرانیش لەم کۆبوونەوەیە ئامادە دەبێت.

پزیشکیان بەرلەسەفەر بۆ ڕووسیا وتی کە هاوکاری لەگەڵ بریکس و پەرەی دانوستاندن لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لەوپرسانەیە کە لەم سەفەرە باسی لەسەر دەکات.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی وڵاتانی بریکس بە دوای چەندلایەنە خوازین وتیشی کە ئەم یەکگرتووییانە ئەتوانێ ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی فرەخوازییەکانی ئەمریکا.

پزیشکیان لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوەیە، چاوپێکەوتنی دوولایەنەشی لەگەڵ سەرۆکانی ڕووسیا، چین و هیندستان و میسریش دەبێت.

سەرۆک کۆماری ئێران بەیانی ئەمڕۆ و بەر لە ڕۆیشتنی بۆ ڕووسیا بە ئامادە بوون لە نووسینگەی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەلەستین لە تاران لە ڕێ وڕەسمی بیرەوەری شەهید یەحیا سینوار، سەرۆکی مەکتەب سیاسی بزووتنەوەی حەماسیش بەشداری کردووە.

 

سەرپەیڤ