پزشکیان: ئەمڕۆ جیهان بەوە گەیشتووە کە ئێران هۆگری ئاشتییە
سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بەوەی کە ئەوەی وا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەکنۆلۆژای ئەتۆمیدا لە دووی دەگەڕێ ڕێک لە چوارچێوی موڵەتە یاساییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدایە، وتیشی: ئێران ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی رادەگەیەنێ؛ هەرچەن ئەمڕۆ هەموو جیهان بەوە گەیشتووە کە ئێرانی ئیسلامی لە دووی ئاشتی و ئاسایش لە جیهاندایە.
مەسعوود پزشکیان لە دیداری ڕافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە شیکردنەوەی چالاکیی ئاشتیانەی ئەتۆمی و هەڵوێستی نەگۆڕ و بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە قەدەغەبوونی سازکردنی چەکی ئەتۆمی وتی: ئێمە هەروا کە بەجاران رامانگەیاندووە بە پێی فەتوای راشکاوانەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بە هیچ لەونێ لە دووی سازکردنی چەکی ئەتۆمی نین و نابین و کەسیش ڕێگای پێ نادرێ لە سنووری سیاسەتەکانی ڕێبەری تێپەڕێ.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەیشی کردە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەڵێنشکێنیی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپایی لەم ڕێککەوتنەدا و وتیشی: بە پێی پشت ڕاست کردنەوەی چەندین ڕاپۆرتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، ئێمە هەموو ئەرک و ئەستۆگرییەکانمان لەم ڕێککەوتنەدا بەجێهێنا، بەڵام ئەوە ئەمریکا بوو کە بەشێوەیەکی یەکلایەنە لەم ڕێککەوتنە چووە دەرەوە و ڕێگای لە سەر بەردەوام بوونی ئەم پەیمانە داخست.