کانونی یه‌که‌م 18, 2024 11:45 Asia/Tehran

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی مافی ژن و پیاوی لە نێو بنەماڵەدا بە یەکسان زانی و وتی: لە پشت دروشمی فیمینیستی و ئازادی و مافی ئافرەتان، ئامانجی دژی مرۆڤی و سیاسی حەشار دراوە.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕۆژی سێ شەممە لە دیداری ھەزاران کەس لە ئافرەتان و کچان دا، وێڕای ئاماژە کردن بە ڕوانگەی جۆربەجۆر سەبارەت بە پرسی ژن لە جیھاندا، وتی: بورژواو سیاسەتوانانی شوێنگەوتوویان بە لە بەردەست دا بوونی میدیای کاریگەر لە ئاستی جیھاندا، بە ناڕاستبێژی و درۆو دەلەسەو لە قەواخی ڕواڵەتیانەی گریمانەیەکی فەلسەفی و مرۆڤدۆستانە،ئامانجی دڕندەکارانەو گەندەڵی خۆیان بۆ دەستوەردان و دیاری کردنی ڕێ و شوێن بۆکاروباری  کۆمەڵگای جیھانیی ئافرەتان و دەستخستنی قازانج و بەرژەوەندیی ناڕەوا دەشارنەوە.

بەڕێزی ناڕاستبێژی و مەرایی کاریی بە شێوازی ھەمیشەیی کۆڵۆنیالیستان و بورژواکانی ڕۆژئاوا زانی و ڕاکێشانی ئافرەتان بۆ نێو کارگەکانی بە مەبەستی دابین کردنی پێویستیی پیشەسازی بە کرێکاری کەم موچە لەژێر ناوی ئازادی و سەربەخۆیی ئافرەتان، بە نمونەیەکی ئەم مەرایی کارییە زانی.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی لە درێژەدا، گەشەی سەیروسەمەرەی ئافرەتانی دیندار، زاناو چالاکی لە بواری جۆربەجۆردا دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە سەر بنەمای ئەم ڕوانگەی باڵایە زانی و وتیشی: ڕۆڵی ئافرەتان لە چاخی خەبات و سەرکەوتنی شۆڕشی بە ڕاستی دیاریکەر بوو.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی چالاکیی ماقوڵانە لە بواری سیاسی و نێونەتەوەیی و ھەروەھا ڕۆڵگێڕان لە ڕووداوەکانی وەک بەرەڤانیی پیرۆز، بەرگری کردن لە گڵکۆپیرۆزەکان و ھەروەھا لە گۆڕەپانی سیاسی دا بە نمونەیەکی درەوشاوەی دیکەی چالاکیی ئافرەتان دوای سەرکەوتنی شۆڕش ناوبردو جەختی کرد: ئافرەتی ئێرانی توانیویەتی بە ڕاگرتنی حەیاو قورسایی و داوێن پاکیی خۆی، شوناس و کەلتوورو نەریتی مێژوویی و ڕەسەنی وڵات بپارێزێت.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە بەشی کۆتایی وتەکانی دا وێڕای ئاماژە کردن بە کاروباری ناوچەکە، ئەوەشی وەبیر ھێنایەوە کە: بەو کارەی لە سووریادا کراو بەو دڕندەکارییانەی ڕژێمی زایونی و ئەمریکاو پاڵپشتی کردنی ئەوانی دیکەش، دوژمنان وای بۆچوون کە ئیدی پرسی خۆڕاگری تەواو بووە، لە کاتێکدا کە تەواو توشی ھەڵە ھاتوون.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی تیشکی خستە سەر ڕاوەستانی غەززە لە بەرامبەر ھێرشی ڕۆژانەی زایونییەکان و بەردەوامیی خۆڕاگریی لوبنان و وتیشی: ڕژێمی زایونی بە خەیاڵی خۆی خەریکی بەستێن خۆش کردن و خۆسازدانە لە ڕێگای سووریاوە بۆ گەمارۆدان و خاشەبڕ کردنی حیزبوڵڵای لوبنان ، بەڵام دیارە ئەوەی وا خاشەبڕ دەکرێت، ئیسرائیل خۆیەتی.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر ڕاوەستانی ئێران لە تەنیشتی خەباتکارانی فەلەستینی و موجاھیدانی حیزبوڵڵا و بەردەوام کردنی ھەرچەشنە پاڵپشتی و یارمەتییەکی گونجاویان، ھیواداریی دەربڕی کە خەباتکاران ڕۆژێک بە چاو ببینن گە دوژمنی چەپەڵ لەژێر پێیان دا پێپەست بکرێت و بپڵیشێتەوە.

سەرپەیڤ