عەراقچی: پلانی ئەمریکایی ئیسراییلی بۆ لاوازکردنی ناوچەکە خەریکە جێبەجێ دەکرێ
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ڕووداو و گۆرانکارییەکانی ئەمدواییەی سوریا لە چوارچێوی پرۆژەکەی ئەمریکا و ئیسراییلدایە بۆ لاواز کردنی ناوچەکە.
سەید عەبباس عەراقچی لە وتوێژێکی تەلەڤزیۆنیدا لە قاهیرە وتی: ڕووداوەکانی سوریا لە دوو ڕوانگەوە لێکدەدرێتەوە. یەک ڕوانگە ئەوەیە کە ئەمە هەمان پرۆژە گەورەکەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنییە کە بۆ ناوچەکە دایانڕشتووە. ئامانجی ئەم پرۆژە ئەمریکایی ئیسراییلییە لاوازکردنی هەموو وڵاتانی ناوچەکە و هەوڵ بۆ تیابردنی هەرچەشنە خۆڕاگری دژ بە ڕژێمی زایۆنییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها وتی: دوو وڵاتی ئێران و میسر خاوەنی پێوەندییەکی دوور و درێژی مێژوویین و ئێمە پاڵپشتیی هەوڵەکانی میسر دەکەین کە بۆ دامەزراندنی ئاگربڕ لە کەرتی غەززە دەیدات.
عەراقچی لەبارەی شەڕی غەززەیش وتی: ئەوە ئێران و حیزبوڵا نەبوون کە ئەم شەڕەیان دەست پێ کرد، بەڵکوو حەماس بە پێی بڕیاری خۆی ئۆپەراسیۆنی ٧ی ئۆکتۆبری جێبەجێ کرد و ڕژێمی زایۆنیش لە ماوەی چواردە مانگی رابردوودا سەرباری ئەو ژینۆسایدەی لە ناوچە فەلەستینییەکان وەڕێیخستووە، نەیتوانیوە شکست بە حەماس بێنێ.