وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ڕێکارنامەیەکی نوێ دیاری دەکەین
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای هۆشداری دان بە ڕۆژاوا لەبارەی چالاک کردنی میکانیزمی سنەپ بەک ، وتی: بڕیارە لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی ووزەی ئەتۆمی، بە پێی پەسەند کراوی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، ڕێکارنامەیەکی نوێ دیاری بکەین، بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین درێژە بە هاوکارییەکان بدەین
ئیسماعیلی بەقایی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە وتووێژەکانی ئێران و ئوروپا لە ئەستەمۆڵ وتی: ڕۆژی هەینی لە گەڵ سێ وڵاتی ئوروپایی وتووێژگەلێک ئەنجامی گرت . ناوبراو وتیشی لە میانەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەوروپا سەبارەت بە هیچ پرسێک جگە لە پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان وتووێژ نەکرا . لایەنە ئورووپاییەکان شیاوەتی بەکارهێنانی ئەو میکانیزمەیان نییە کە بە میکانیزمی سنەپ بەک ناسراوە و ئێرانیش هەڵوێستەکانی خۆی ڕاگەیاندووە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتی ئێمە شایەتی درێژەی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایونین لە ڕێگای بوردمانی خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین و کەڵک وەرگرتن لە چەکی برسێتی و تینوێتی بۆ پێشخستنی پلانی لەناوبردنی فەلەستین وەک ناسنامە، نەتەوە و سەرزەوینێک. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاوێژکاری زۆری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئەنجامداوە بۆ هاتنەدی کۆدەنگییەکی ناوچەیی بەمەبەستی یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی غەزە و ڕاگرتنی جینۆساید لە فەلەستینی داگیرکراو.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەشێکی دیکەی پرێس کونفڕانسەکەیدا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە مەرجەکانی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا و پێویستیی وەرگرتنی گەرەنتی لە ئەمریکا کە هێرش نەکاتە سەر ئێران، ڕایگەیاند: گەورەترین فاکتەری گەرەنتی، هێزمەندیی و دەسەڵاتی ئێرانە. ئەمریکا جگە لە ئەنجامدانی تاوانێکی نێودەوڵەتی، زەبرێکی توندی لە بنەمای دیپلۆماسی و دانوستان داوەو نابێ پرسەکە بە کەم سەیر بکرێت.