ئه‌یلوول 06, 2025 22:09 Asia/Tehran
  • بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران: هاوکارییەکانی ئێران و عێراق دەبێ هەستپێکراوتر بێ

ڕێبەری ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دیداری کرد و لە دیدارەکەیاندا پێوەندیی دوولایەنەی ئێران و عێراق و هەروەها ڕێککەوتننامەی ئەمنیی بەغدا و تارانیان خستە بەر باس و لێکدانەوە.

عەلی لاریجانی لە دیداری سەید عەمار حەکیمدا عێراقی بە وڵاتێکی هاوڕێ، هاوئایین و بەهێزی ناوچەکە وەسف کرد و بە ستراتژیک ناوبردنی هاوکاریی ئێران و عێراق پێیشیداگرت: لە ڕەوشی هەستیار و پڕ ڕووداوی ئەم سەردەمەدا،  هاوکارییەکانمان دەبێ زیندووتر و هەستپێکراوتر ببن.

سەیدعەمار حەکیمیش لەم دیدارەدا وتی: شەڕی ڕژێمی زایۆنی دژ بە ئێران، بە پێچەوانەی بۆچوونی ڕژێمی زایۆنی ، هێزی و دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەی زیاتر و بەربڵاوتر کرد و موسڵمانان هەموو ستایشی ڕۆڵی هێزمەندانەی ئێران لەو شەڕە دەکەن و ئێستاکە ئیتر کردەوە و ئاکاری شەڕاشۆیانەی ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە ئایدیای "ئیسراییلی گەورە"، ڕاست و بەرحەقبوونی ئێرانی سەلماندووە کە ئەم ڕژێمە بە لوویەکی شێرپەنجەیی دەزانێ.

ڕێبەری ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق هەروەها لە دیداری سەیدحەسەن خومەینی بەرپرسی کاروباری حەرەمی پاکی ئیمام خومەینی (رە)  بە ئاماژە بە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەمدواییە وتی: موسڵمانان لەبەر بێزارییان لە ڕژێمی زایۆنی داکۆکی دەکەن لە هەر وڵاتێک کە بەرگری لە خۆی بکات بەرامبەر بەم ڕژێمە و دژ بە داگیرکەرانی زایۆنی خەبات بکات.

سەرپەیڤ