پێداگریی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەسەر جێبەجێکرانی بەتەواوەتیی ڕێککەوتننامەی ئاسایشی لەگەڵ عێراق
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەدیدار لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقدا جەختی کرد لەسەر پێویستیی جێبەجێکرانی بەتەواوەتیی ڕێککەوتننامەی ئاسایشیی نێوان دوو وڵات، بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییە سەربازی و سیاسییەکان بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی زیاتری ناوچەکە.
سەرلەشکر موسەوی لەدیدار لەگەڵ "قاسم ئەعرەجی" ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وێڕای پێداگریی لەسەر برایەتی و دۆستایەتیی قووڵیی نێوان دوو وڵات، وتی: گرینگترین نیگەرانیی ئەمریکییەکان، ئەو برایەتی و هاوسۆزییەی نێوان دوو نەتەوەی ئێران و عێراقە کە دوژمنان زۆر بەباشی درکیان بە ئاسەوار و بەرەکەتەکانی ئەوپەیوەندییە کردووە.
سەرلەشکر موسەوی هەروەها لەدرێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، جەختیشی کرد لەسەر پێویستیی جێبەجێکرانی بەتەواوەتی ڕێککەوتننامەی ئاسایشیی نێوان دوو وڵات.
قاسم ئەعرەجیش وێڕای پێداگریی لەسەر ئەوەی کە کەس ناتوانێ پەیوەندیی تایبەت و قووڵی نێوان دوو نەتەوەی ئێران و عێراق بخەوشێنێ، وتی: شەڕی دوانزە ڕۆژەی رژێمی زایۆنی دژی ئێران، یەکڕیزیی، مەزنایەتی و ئیرادەی پتەوی گەلی ئێرانی پێشاندا.