ئێران: وڵاتانی رۆژاوایی بەدوای گرژیی زیاترەوەن
دوای دەرچوونی بڕیارنامەیەکی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دژ به ئیران، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا "رێگەی گرژیی زیاتریان" گرتووەتەبەر.
سەیدعەبباس عەراقچی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و ئەمریکا بەدوای گرژیی زیاترەوەن. ئەوان باش دەزانن هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی رێککەوتنی قاهیرە ئەنجامی راستەوخۆی هەنگاوە دنەدەرەکانی خۆیانە."
وەزیری دەرەوەی ئیران لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "هەروەک چۆن دیپلۆماسی لە مانگی حوزەیراندا لەلایەن رژیمی زایۆنی و ئەمریکاوە هێرشی کرایەسەر، ئاوهاش رێککەوتنی قاهیرە لەلایەن ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپاییەوە کوژرا."
پێشتریش وەزیری دەرەوەی ایران ووتبووی کە رێگەدان بە چوونەژوورەوە بۆ ئەو بنکە ئەتۆمییانەی لە کاتی جەنگەکەدا هێرشیان کراوەتە سەر، پەیوەستە بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ لەنێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی.