شوبات 01, 2026 18:51 Asia/Tehran
  • ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: بێتوو ئەمریکا شەڕێک وەڕێبخات، ئەمجارە شەڕەکە ناوچەیی دەبێت

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ لە دیداری ژمارێکی زۆر لە خەڵکی ئێران لە حوسێنییەی ئیمام خومەینی (رە)دا سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا، پێیداگرت: ئەمریکا دەبێ بزانێ کە بێتوو شەڕێک وەڕێبخات، ئەمجارە شەڕەکە شەڕێکی ناوچەیی دەبێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ لە ڕۆژی ١٢ی ڕێبەنداندا ، لە ساڵیادی گەڕانەوەی ئیمام خومەینی (رە) بۆ ئێران دوای هەڵاتنی شا،  لە دیدارێکدا لەگەڵ هەزاران کەس لە چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵکی ئێران، ئەم ڕۆژەی بە ڕۆژێکی ناوازە و مێژووساز وەسف کرد و بە ئاماژە بە گۆڕینی حکومەتی "تاکەکەسی، پاوانخواز، دژە ئایین و دارەدەستی پەهلەوی" بۆ حکومەتێکی جەماوەریی لەسەر بنەمای دین و ئایین و ڕاوەستاو بەرامبەر بە ملهوڕیی زاڵم و زۆرداران، فەرمووی: خەڵک ئاگری فیتنەی ئەمریکی- زایۆنیی ئەمدواییەیان وەک هەموو پیلانەکانی پێشوو دامرکاندەوە و لە داهاتوویشدا میللەتەکەمان بە ڕێنمایی خواوەند لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کارەساتێک، خێرا پووچەڵی دەکاتەوە.

ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی قسەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکای بە نیشانەیەکی ڕوونی سروشتی ئەمریکایی و زایۆنیی فیتنەکەی ئەمدواییە لە ئێراندا زانی و وتی:  ئەو بە ڕاشکاوی ڕوو لە ئاژاوەگێڕەکان کە بە خەڵکی ئێران ناوی دەبردن دەیگووت: "بڕۆنە پێشەوە، ئەوا منیش هاتم!"   بێگومان لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەم چەند هەزار ئاژاوەگێڕە خەڵکی ئێران بوون، بەڵام ئەو بەملیۆنان کەسەی لە ٢٢ی بەفرانبار لە سەرانسەری وڵات کۆبوونەوە، ئەوانە خەڵکی ئێران نین.
مەقامی مەزنی ڕێبەری هەروەها فەرمووی: تایبەتمەندییەکانی فیتنەکەی ئەمدواییە بریتی بوون لە خۆشاردنەوە لە پشت ناڕەزایەتییەکانی بازاڕییەکانەوە، شێوەکودەتا بوون، پلان بۆ داڕێژران لە دەرەوە و توندوتیژییەکی هاوشێوەی داعش، لە کاتێکدا کە گەلی ئێران، بە ئامادەبوون و خۆڕاگرییان، ئاسایشی وڵاتیان پاراستووە و بەرامبەر بە هەڕەشە و گوڕەشە و تەماحەکانی ئەمریکا وەستاون.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی هەروەها هەوڵی ئەمریکا بۆ هەڵلوشینی ئێران و خۆڕاگریی گەلی مەزن و سەربەرز دژی ئەم تەماحکارییەی بە هۆکاری سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی ٤٧ ساڵەی ئێران و ئەمریکا هێنایەئەژمار و فەرمووی: ئەوان بە دوای دەستبەسەرداگرتنی ئێران و گەڕاندنەوەی هەژموونی و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر سەرچاوە سرووشتییەکان، نەوت، سیاسەت، ئاسایش و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانن، ڕێک وەک سەردەمی پەهلەوی. ئەمە هۆکاری سەرەکی دوژمنایەتییانە و باقی قسەکانیان وەک مافی مرۆڤ و ئەو بابەتانە هەموو قسەی پووچ و بێبەهایە.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی پێیداگرت: گەلی ئێران بەرامبەر بە تەماحکارییەکانی ئەمریکا ڕاوەستاوە، کۆڵی نەداوە و کۆڵیش نادات و دوژمنانیشی لەو ئاژاوەگێڕی و ئازار و کێشەنانەوەیان پەشیمان دەکاتەوە.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە قسەکانی ئەمدواییەی ئەمریکییەکان، فەرمووی: ئەوانە پێشتریش بۆ ترساندنی گەلی ئێران دەیانگوت “هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن”، بێگومان دەبێ ئەوە بزانن کە ئەگەر ئەمجارە شەڕێک دەست پێ بکەن، ئەوە ئیتر دەبێتە ''شەڕێکی ناوچەیی''. نابێ خەڵکی ئێران بەم شتانە بترسێنن؛  ئەم هەڕەشە و گوڕەشانە هیچ کاریگەرییەک دانانێتە سەر گەلی ئێران. بێگومان ئەوە ئێمه نین که شەڕ دەستپێدەکەین  و نامانهەوێ زوڵم لە کەسێک بکەین یان هێرش بکەینە سەر وڵاتێک، بەڵام گەلی ئێران وەڵامی گورچکبڕ دەداتەوە بە هەر کەسێک کە چاوی تەماح ببڕێتە خاکەکەی و بیهەوێ پەلامار بکاتە سەر وڵاتەکەی.

 

 

 

سەرپەیڤ