شوبات 03, 2026 17:10 Asia/Tehran
  • بانگهێشتکرانی باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بۆ وەزارەتی دەرەوە

باڵوێزانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا لە لایەن جێگری وەزیری کاروباری سیاسی و بەرپرسی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشت کران.

لەم دانیشتنەدا هەڵوێستی فەرمی ئێران سەبارەت بە شەرمەزارکردنی تووندی بڕیارەکانی یەکێتیی ئەورووپا ڕاگەیەندرا و جەخت کرایەوە کە ئەم کردەوانە نابەرپرسیارانە و پێشێلکەری بەها و پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت پرەنسیپی ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانیی وڵاتان و قەدەغەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتانە. ئێران ئەم بڕیارانەی بە هەڵەیەکی ستراتژیک و بێڕێزییەکی لەبیرنەکراو بە گەلی ئێران زانی.

 یەکێتیی ئەورووپا بە هۆی هەڵوێستی بەشێک لە ئەندامانی سەرەکیی خۆی سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا، لەوانە پشتیوانیکردنیان لە ڕژێمی زایۆنی لە جینۆسایدکردنی فەلەستینییەکاندا، پەسەندکردنی دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر ئێران و پشتیوانی لە کردەی تیرۆریستی دژ بە گەلی ئێران لە نێوان ٨ بۆ ١٠ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ ڕەخنەی لێگیرا. هەروەها بە ئاماژە بە ڕۆڵ و ئەرکی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەکوو بەرگریکاری ئاسایشی نیشتمانی و یەکێک لە هێزە کاریگەرەکانی دژ بە تیرۆریزمی داعشی، بڕیارنامەکەی یەکێتیی ئەورووپا دژی سپای پاسدارانی بە کردەوەیەکی نایاسایی و دیاردەیەکی مەترسیدار لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و هاوکاریی دژە تیرۆر لە قەڵەمدرا.

 لە کۆتاییدا باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا ڕایانگەیاند کە ئەو پرس و هەڵوێستانەی لە کۆبوونەوەکە باسکراون بە زووترین کات دەگوازنەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەیان.

 

سەرپەیڤ