ڕێبەری شۆڕش:٢٢ی ڕێبەندان، شکۆی گەلی ئێران دووهێندە دەکاو دوژمنانیش بێ هیوا
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی لە پەیامێکی لە سەروبەندی ٢٢ی ڕێبەندان و ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا فەرمووی: لە ٢٢ی ڕێبەنداندا بەپێشاندانی ئیرادەو خۆڕاگرییتان، دوژمن هیوابڕاو بکەن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە پەیامەکەی بەبۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان و ساڵهاتی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، ٢٢ی ڕێبەندانی بە ڕۆژی پەردەلادان لە دەسەڵات و ئیرادەی گەلی ئێران زانی و بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە ئامادەبوونی خەڵک لە ڕێپێوان و دەربڕینی هەست و سۆز و خۆشەویستی و ئەمەگداریی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی، دوژمن لە تەماحکاریی دژی ئێران و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دەکشێنێتەوە، وتی: لە ٢٢ی ڕێبەنداندا بە پێشاندانی ئیرادەو خۆڕاگریتان، دوژمن بێ هیوا بکەن.
ڕێبەری شۆڕش، گەلی ئێرانی بە گەلێکی خاوەن خولیاو ئیرادە، پاوەجێ، پێزان و ئاگادار لە مەسڵەحەت و گەندەڵییەکانی زانی و فەرمووی: نەتەوەی ئێران لە٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی ڕێکەوتی ١١ی فێڤرییەی ١٩٧٩ی زایینی بەرزگارکردنی وڵات لە دەسوەردانی بیانیەکان، سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەس هێناو بەدرێژایی ئەو ساڵانەش لەهەمبەر هەوڵ و تەقەلای بەردەوامیان بۆ گەڕاندنەوەی دۆخی پێشوو، ڕاوەستا کە ٢٢ی ڕێبەندان، هێمای ئەو بەرخۆدان و ڕاوەستانەیە.
بەڕێزیان، دووپات بوونەوەی ئامادەبوونی پڕشکۆ و مەزنی خەڵک لە ڕێپێوانەکانی٢٢ی ڕێبەندان سەرباری تێپەڕینی چەندین ساڵ بەسەر سەرکەوتنی شۆڕشی، بە دیاردەیەکی کەم وێنە لە بەراوەرد لەگەڵ رۆژی سەربەخۆیی و رۆژی نیشتمانی لە وڵاتانی دیکەدا ناوبرد و وتی: ئەو ڕێپێوانەو ئامادەبوون لەسەر شەقامەکان، کەسانێک کە چاوی تەماحیان بڕیوەتە ئێران، کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی گەل، ناچار بە کشانەوە دەکا.
ڕێبەری باڵای شۆڕش بە پێداگریی لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتی نیشتمانی بەرلەوەی پەیوەست بێ بە مووشک و فڕۆکە، بەستراوەتەوە بە ئیرادەو خۆڕاگریی گەلان، ڕوو لە خەڵک فەرمووی: هەر وەک بابەت و مژارە جۆربەجۆرەکانی ڕابردوو، دیسان بە پێشاندانی دەسەڵات و شکۆی نیشتمانی واتە یەکڕیزیی، هێزی هزر و ئیرادە و خولیاو بەرخۆدانتان لەهەمبەر وەسوەسەکان، دوژمن بێهوا بکەن چونکە هەتا دوژمن بێهیوا نەبێ، دەستبەرداری ئازار و ئەزیەتکردن نابێ.
بەڕێزیان وێڕای دەربڕینی هیواداریی بە درێژەی پێشکەوت و گەشەی پڕلەشانازیی ماددیی و مەعنەویی لاوان لە بواری جۆراوجۆری وڵاتدا، فەرمووی: ٢٢ی ڕێبەندان، سەمبولی تێکڕای ئەو پێشکەوتنانەیەو گەل بە دەرکەوتن لەسەر شەقامەکان و بەرزکردنەوەی دروشمەکان و دەربڕینی راستییەکان، هاودەنگی و ئەمەگداریی خۆی بە کۆماری ئیسلامی رادەگەیێنێ.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی هەروەها هیوای خواست، ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ وەک گشت ٢٢ڕێبەندانەکانی رابردوو، شکۆی گەلی ئێران، دووهێندە و گەلان، حکومەتان و دەسەڵاتەکانی دیکە لەهەمبەر گەلی ئێراندا ناچار بە خاکەڕایی و دانبەخۆداگرتن بکات.